ئۆباڵی ئازاری نومسوڵمانەكان لە ئەستۆی ئێوە دایە

ئیسلام گرنگییەکی زۆری بەو کەسانە داوە کە تازە مسوڵمان دەبن، رێگەی داوە مسوڵمانان زەکاتیان بدەنێ، ئەمەش بۆئەوەی وێڕای ئیمانەکە، هەست بە گرنگیدان و خۆشەویستی مسوڵمانانیش بکەن. بەڵام ئەوەی ئێستا مایەی نیگەرانییەی بەشێك لە مسوڵمانان دۆستایەتی خەڵکێك دەکەن کە تازە مسوڵمانن، یان ئەگەر ئافرەت بن ژیانی هاوسەریان لەگەڵ پێکدەهێنن، بەڵام دوای ماوەیەك مامەڵەیەکی رەق و ناخۆشیان لەگەڵ دەکەن، بۆنموونە تا ئێستا ئاگاداری چەندین کەیس بوومە، هەندێکیان لە دەرەوەی وڵات و لەرێگەی ئینتەرنێتەوە مسوڵمانبوونە، ئینجا ژیانی هاوسەریان پێکهێناوە، دواتر لە ئەنجامی هەڵسوکەوتی رەقی مسوڵمانەکە جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە وڵاتی خۆی، جا هەیانە وازی لە ئیسلام هێناوە، هەشیانە تاکو ئێستا دینەکەی ماوە. نموونەیەکی دیکە ئافرەتێك بەخۆیی و کچەکەیەوە مسوڵمان بووە، بەڵام دواتر هاوسەرە مسوڵمانەکە کە زانیویەتی بێکەسە مامەڵەی خراپی لەگەڵ کردووە، ئافرەتەکەش ماوەتەوەو دینی خۆی پاراستووە ئەگەرچی خزمەکانی کە هەر لە عێراق دەژن داوای وازهێنان لە ئیسلام و گەڕانەوە ناو خێزانیان لێکردووە، بەڵام ئەو وازی لە دینەکەی نەهێناوە. هەشیانە مسوڵمان بووەو چۆتە سەر دینێکی دیکە دواتر مسوڵمانبۆتەوە، کەچی هاوسەرە مسوڵمانەکە نەیتوانیوە کەمێك نازی رابگرێت دیسان گەڕاوەتەوە سەر دینەکەی پێشووی.

لێرەدا پێوستە ئەو بابەتە بە هەند وەربگیرێت بەتایبەتی ئەوانەی دەیانەوێت ئەو تازە مسوڵمانانە بکەنە بەشێک لە ژیان و خانەوادەی خۆیان، یان ئەوانەی بە کرێ دەیانهێنن ئیش و کاری ماڵەوەیان پێدەکەن، هەروەها ئەو خێرخوازو بانگخوازانەش کە بە کارەکە هەڵدەستن، پێویستە بزانن ئەوە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە، لەلایەکەوە نابێ چاوەڕێ بکەن بە ئاسانی وەکو مسوڵمانێکی تەواو مامەڵە بکەن، بەڵکو ئەوە هێواشی و کاتی دەوێت. هەروەها دەبێ هێندە نازیشیان بدەنێ بتوانن دڵی ئەوان رابگرن و سەرنجی کەسانی دیکەش رابکێشن، بەپێچەوانەوە کەسێك بە رەوشتی جوانی ببێتە مایەی مسوڵمانکردنی خەڵکێك چ خێر وپاداشتێکی هەیە، ئەوانەش کە دەبنە مایەی هەڵگەڕانەوەی مسوڵمانێك یان نموونەیەکی ناشیرین پیشانی نامسوڵمانەکە بدەن، گوناهبار دەبن.

چەندان نموونەی شانازیمان هەیە، کە دە ساڵە یان زیاتر لە سی ساڵە ژیانی هاوسەریان لەگەڵ کەسانێکی نامسوڵمان پێکهێناوە، هەم فێری مسوڵمانێتیان کردوونە، هەمیش نموونەیەکی جوانی ئیسلامیان پیشان داوە، کە هەندێکیان خزم و کەسیشیان مسوڵمان بوونە، هەندێکی دیکە زاوا مسوڵمانەکەیان لە ئاوەڵزاوا نامسوڵمانەکان خۆشتر دەوێن، بە هەمان شێوە دەکرێ نموونەیەکی جوانی رەوشتبەرزی مسوڵمانانە پیشانی ئەو کرێکارە نامسوڵمانانە بدەن کە ماڵ و شوێنکاری مسوڵمانان دەژین، بەمەش چەندە ببنە مایەی مسوڵمانکردنیان یان جوانپیشاندانی ئیسلامەکە، بەشداری هەموو خێرو بێرێکیان دەبن و هیچ خێرێکیش هێندە گەورە نییە.