شکۆی زانایان لە گەروی کۆمەڵگەی کوردەواریدا

 لە مێژووی نزیک و دووری کۆمەڵگەی کوردەواریدا زانایان تاقانەی خزمەتکار و پێشەنگی بواری ئیصلاح و چاوساغی بواری دۆزو مافەکانی بوون و دانشگاو خوێندنگەی بواری زانست و ئەدەب وڕۆشنبیری کۆمەڵگەیخۆیان بوون.

زانایان تاکە چین و توێژن کە خۆبەخشانە و دڵسۆزانە دەرگای دڵ و دەروازەی ماڵەکانیان لەسەر پشتە بۆ هەموو ئەوانەی ڕوو دەنێنە زانایان و هەرییەک بەجۆرو شێوازێک ئاتاجی بە قسە و گوتارو ڕێنمایی و دوعا و ئامۆژگاری و دڵنیایی زانایان هەیە ، وە زۆربەی هەرە زۆری ئەم مللەتە مویوڵمانەیش بەهرەمەندو دڵخۆشن بەزانایان و زانایان بە چاوساغ و پێشەواو مامۆستای خۆیان دەزانن.

زانایان لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەر پێشەوایەکی ئاینی نین لە چوار چێوەی مزگەوتێکداو تەواو بەڵکو زانایان داڵدەدەری هەزارەها ناسۆرو ئازار و ڕاسپاردەی کۆمەڵگەکەی خۆیەتی و خەڵکی ۆ کارو گرفتەکانی دونیاو دواڕۆژ ڕوویان لێدەنێنن و کاراترین توێژن کە خۆبەخشانە و دڵسۆزانە  موسلیح و چارەسەری کێشە وگرفتە کۆمەڵایەتییەکانن و حەکیمانە بونەتە دەرمان و چارەسەر بۆ هەزارەها دەردو برین و ئازاری کۆمەڵگە و نیشتیمانی خۆیان.

زانایان هەمیشە مامەخەمەی خەم لەکۆڵی کۆمەڵگەی کوردەواری بووە کە خەڵکی زۆر بەئاسان گەیشتوون پێیان چونکە ئەو چینەن کەهەمیشە لەنێو کۆمەڵگەی خۆیاندا بوون و لەناویانا ژیاون وبەشدارو ئامۆژگاری کەری تەواوی کێشەو گرفتەکانیان بوون بێ هیچ موقابیل و چاوەڕوانییەک.

سوپاس بۆخوا گەلی کوردی موسوڵمانیش تائێستە زۆربەی زۆریان متمانەی باشیان بەزۆربەی هەرە زۆری زانایان ماوە و ڕێزو شکۆ و قەدریان لەبەرچاوە، کەئەمەش وەفاو خۆشەویستی کۆمەڵگەیە بۆزانایان.

زانایان جەمسەری ڕاستکروونەوەی هەڵە و پەڵەکانی ڕۆژگارو کۆمەڵگەبوون بۆیە هەمیشە وەک پێشەنگ و پێشەوایەکی دڵسۆزو کاریگەر مامەڵەی لەگەڵدا کراوەو گوێی لێگیراوە.

۱. ئێستەیش دەبێت ڕێکخراوی یەکێتی زانایان کە ڕێکخراوێکی پیشەییە زیاتر لە ئاستی بەرپرسیاریدابێت بۆ پاراستن و پارێزگاری لە شکۆی زانایان و ئەو متمانە جەماوەرییەی کە کۆمەڵگەی کوردی هەیەتی بەرانبەر بە زانایان، بۆ ئەمەیش دەبێت گەورەتر لەو بازنە سیاسیی و ئیدارییەی ئەمڕۆ بیربکاتەوەو پەرە بەکاری زانایان بدات و گەشە بە تواناو جیهانبینی زانایانی بدات.

۲. یەکێتی زانایان دەبێت کاربۆ پێگەو سەنگی زانایان بکات لە ناوەندی بڕیارو بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی کوردەواریدا چونکە ئەوە  دەستەڵات و فەرمان ڕەوای وڵاتە تەحەکوم لە کارو باری ڕۆژانەی هاوڵاتیان و کۆمەڵگەی کورەواریدا دەکات.

۳. یەکێتی زانایان دەبێت کار بۆ بەرزکردنەوەو ئاشناکردنی لایەنی هۆشیار و ڕۆشنبیری زانایان بکات کە بتوانن لەو ئاستە باڵایەی ئەمڕۆدا مامەڵەبکەن کە سەردەمی جیهانگیریەو سوود لەهۆکاڕاکانی گەیاندن بۆ پێگەیاندن و پێشکەوتنی زیاتر وەربگیرێت.

لەکۆتایدا پیرۆزبایی لەم ڕەوتە عولەماییە دەکەین کە ئومێدمانە ببێتە چەتری ڕاستەقینەی تەواوی زانایان و بەرگریکارێکی سەرسەختی ماف و خواستی تەواوی زانایان بێت.

 

*جێگری بەرپرسی لقی شارەزووری یەکێتی زانایان