ژیانی نەمری لە بەخشیندایە

ئێمە ئەبێت ئەوە بزانین، خراپەو خراپ ژیان یاخود ژیان لە دەرەوەی بازنەی بەخشین وچاک ژیانەوە دەمانخاتە ئەو سنورەوە کە بڕیارنییە مرۆڤ لەوێدا خۆی ببینێتەوە، بۆیە خراپه‌ ناتوانێت نزیكی ئه‌وانه‌ بێتەوە كه‌ لەچاكەدا دەژین و لەبازنەی لە خۆبردندان و هەمیشە خەمی گەورەیان مرۆڤدۆستی و خوڵقاندنی کەشی چاکەن لە کۆمەڵگەدا، لێرەوەیە خراپە ناتوانێ نزیکیان ببێتەوە نه‌ له‌ ژیانی دونیادا و نه‌ لەژیانی دواڕۆژ و دوای مردنیشیدا. چونکە خوای گەورە هەرگیز کاری چاکەکاران فەرامۆشناکات و بەزایەیی نادات، وەک دەفەرمووێت:(إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ إِنَّا لَا نُضِيعُ أَجْرَ مَنْ أَحْسَنَ عَمَلًا) بۆیە ئەوەی کە ئێستا روودەدات بە رێکەوت روونادات، چون چاکەخواز ئەوەی لا ڕۆشنەکە ژیانی لەدەرەوەی بازنەی چاکە خوازی ودڵاوایی هیچ نییە بێچگە لەخۆفەوتاندن وکات بەزایەدان نەبت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌  چاکەخواز هەرگیز چاوی لەوەنییە سوپاسبکرێت و کاتێک چاوی لە سوپاسی کەس نییە ڕقیشی لەکەس نییە، هەتا ڕقیشی لەوانەنییە کە دژی دەوەسنەوە و گرفتیشی بۆ دروستدەکەن وهەوڵی سڕینەوەشی دەدەن، ئەو تەنها لەبیری ئەوەدایە چۆن کۆسپەکان نەهێڵێت و گرفتەکان بچوک بکاتەوە ئەگەر لەسەر حەقی خۆشی بێت، بۆیە مەبدەئی چاکەخوازان ئەوەیە نەک بۆ تۆڵەناگەڕێن بگرە بەرامبەرەکەشیان سەرکۆنەناکەن وسەرکۆنەکردن لای ئەوان دەستەوسانییەو مەشغەڵەتێکی بێ فائیدەیە، بۆیە چاکەخواز له‌و ساته‌وه‌خته‌دا كه‌ ئه‌و هەڵوێستە دەنوێنێ ئه‌وه‌ی له‌لای ته‌واو ڕۆشنه‌ كه‌ كۆتایی هاتن به‌ ژیانی ئەوکەسانە نزیک بووەتەوە کە گەرەلاوژێی بۆ دەنێنەوە وکۆسپی بۆ دروستدەکەن.

چونكه‌ ئه‌وانەی كه‌ بڕیاره‌یانداوه‌ کۆسپ دروستبکەن وچاکخوازان ساردبکەنەوە ئەوە ده‌سه‌ڵاتێكی سنوورداره‌ و له‌ توانایدا نییه‌ رێگه‌ له‌و چاکەیەبگرن كه‌ ئەنجامدراوە، چونکە چاکەکردن سروشتی وایە وەک کاسەی شکاو وایە وهەر ئەو ساتەدی دەکەوێ ودەشکێ دەنگی دەروا، چاکەش هەر ئەودەمەی ئەنجامدرا ئیتر هیچ شتێک ڕێگرنییە لەوەستانی و بەرگریێک نابێت لەبەردەم وێنەی چاکەکەدا بۆ  گواستنەوەی لەواقیعەوە بۆ زیهن،  وەک گوتمان ئه‌و بڕیاره‌ لەبەردەم چاکەدا له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ هێزه‌وه‌ ڕه‌وایه‌تی وه‌رگرتووه‌ نه‌ك له‌ هه‌قه‌وه‌ ئاسایییه گه‌ر هێزێكی گه‌وره‌تر له‌و هێزه‌ی كه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كات ‌ببێت به‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م كردنی كاره‌كه‌دا.

بۆیه‌ چاکەخواز و کەسی دڵاواو بەخشەر هەرگیز ناتوانێت له‌ رێگه‌ی بڕیارێکەوە بگەن به‌وه‌ی كه‌ ڕایبگرن ولەچاکەی بخەن مادام چاکەکردن فەرمانی خوایە وفەرامۆشکردنی بڕیاری خواش فەرامۆشکردنی خودی مرۆڤەکەیە، دەی ئەم فەرامۆشکردنە هەر بۆخۆی مەترسیدارترن نامۆییە بۆ کەسی چاکەخواز ،چونكه‌ ده‌ركه‌وتنی هێزی چاكه‌ له‌ مرۆڤدا و كردنی ئه‌و كارانه‌ی كه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌وه‌ ده‌بێت بیكات، دیاریكراوه‌. دیاریكردنه‌كه‌شی له‌وێوه‌یه‌ كه‌ ژیانی مرۆڤ كاتێكی دیاریكراوی هه‌یه‌،(  وَلِكُلِّ أُمَّةٍ أَجَلٌ فَإِذَا جَاءَ أَجَلُهُمْ لَا يَسْتَأْخِرُونَ سَاعَةً وَلَا يَسْتَقْدِمُونَ ) كاتێك ویستی له‌گه‌ڵ ویستی چاكه‌دا ده‌بێته‌وه‌ به‌یه‌ك چاكه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ چاكی خۆی له‌ كردار و گوفتاری ئه‌و مرۆڤه‌دا به‌ پێی ئه‌و كاته‌ ئەو وێنەیە نیشاندەدات كه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ ژیاندا هه‌یه‌تی.

واته‌: بوونی له‌ بوونێكی ئیجابی و به‌خشه‌ره‌وه‌ ده‌بێت به‌ بوونێك كه‌ هه‌میشه‌ له‌ به‌ر‌ده‌م ئه‌و مه‌ترسیه‌دایه‌ له‌ ڕێگه‌ی خراپه‌وه‌ وێران بكرێت و ئه‌و چاكبوونه‌ی كه‌ پێی گه‌یشتووه‌ له‌ ده‌ستی بچێت. لێرەوەیە کە كاتێك مرۆڤ هیچ شتێكی له‌ چاكه‌ نامێنێت بیكات، ئیتر پێویستی به‌و بواره‌ نامێنێ كه‌ هێزی چاكه‌ له‌ودا خۆی تیایدا نمایانده‌كات و بوونی ئه‌و ده‌كات به‌ بوونێكی چاك، كاتێك چاكه‌ش له‌ بوونی ئه‌ودا ده‌رنه‌كه‌وێت ئیتر ئه‌و بوارانه‌ی كه‌ به‌هۆی په‌یوه‌ندیی ئه‌و مرۆڤه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا دێنه‌ ئاراوه‌ هیچ مانایه‌كیان نامێنێ و ئه‌و كه‌سه‌ ئیتر ئه‌وه‌نده‌ی پێویستی به‌وه‌ ده‌بێت ته‌نیا ببێته‌وه‌ و له‌ ده‌وروبه‌ره‌كەی دووركه‌وێته‌وه‌ تا لەناو دەچێت. بۆیە ژیانی بەختەوەرو پڕ شادی لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە مرۆڤ لە چاکەدا خۆی دەبینێتەوە و لە بەخشین وکاری چاکەدا قاڵ دەبێت.