قوربانیکردن ژینگە دەپارێزێت نەک قەڵاچۆکردنی ئاژەڵان

هەندێک جار لە لایەن هەندێک کەسەوە گوێمان لێ دەبێت یان پێمان دەڵێن کە قوربانی کردن بەم ژمارەیە لە ئاژەڵان لە جەژنی قورباندا جۆرێکە لە قەڵاچۆکردنی  ئاژەڵان. بێ ئاگا لەوەی کە راستییەکەی زانستیی و ژینگەیی هەیە لە پشت ئەم فەرمانە خودایەوە.
خوای گەورە لە قورئاندا ناوی ژمارەیەکی زۆری لە گیانەوەران هێناوە لەبەر گرنگی رۆڵیان لە راگرتنی هاوسەنگی ژینگەییدا وەک: باڵندە و  مێش و مێشولە و مێش هەنگ و مێرولە و سەگ و بەراز و شێر و گوێدرێژ و ئەسپ و قەڵەڕەش و هود هود و جاڵجاڵۆکە و کوللە و مار و نەهەنگ و مانگا و گۆلک و مەڕ و بزن و وشتر و زۆری دیکە.
هەروەها خوای گەورە لە قورئاندا ئاماژە بۆ ئەو راستییەش دەکات کە گیانەوەرانی سەر زەوی و باڵندەکانی ئاسمان بە کارەکانیان  رۆڵیان هەیە لە پاراستنی ژینگەدا و خوای گەورە لە زۆرێک لەو نیعمەتانەشدا کە بە مرۆڤی داوە بە گیانەوەرانیشی داوە لەبەر ئەوەی گیانەوەران بە کار و رەفتارەکانیان رۆڵێکی جوان و گەورەیان هەیە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگەییدا. بۆیە هەر لەبەر ئەمەشە کە ئافرەتێک دەچێتە دۆزەخەوە و لەسەر کوشتنی پشیلەیەک و ئافرەتێکی  گوناهباریش لێخۆشبونی خوای گەورە بە دەست دەهێنێت لەبەر ئەوەی ژیانی سەگێکی تینوو رزگار دەکات.
هەر لەبەر ئەمەشە پێغەمبەر (د.خ) داوا دەکات لە شەڕیشدا داری بەردار نەبڕنەوە و ئاوەدانیی وێران نەکرێت و بۆ خوارنیش نەبێت مەڕ و ماڵات بە بێ هۆ نەکوژرێتەوە..
 بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئاژەڵان لە ڕوانگەی ئاینیەوە ئەم مافانەیان هەیە:
1. بەزەیی پێداهاتنەوە تەنانەت لە کاتی سەربڕینیشدا.
2. حەرامکردنی کوشتنی ئاژەڵ بە بێ مەبەست.
3. حەرامکردنی ئازاردانی ئاژەڵ.
4. حەرامکردنی ماندووکردنی ئاژەڵ.
5. قەدەغەکردنی زیندانیکردنی ئاژەڵ.
6. قەدەغەکردنی برسیکردنی ئاژەڵ.
7. رێزگرتن لە هەستی ئاژەڵ (نابێت چەقۆ پیشانی ئاژەڵ بدرێت)
بەڵام زۆر جار ئەم پرسیارە دەکرێت: ئایا قوربانی کردن بە ئاژەڵ لە ناوبردنیان نیە؟ کاتێک خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرمووێت (فصل لربک وانحر) کوثر.
لە وەڵامدا و بەپشتبەستن بە زانستی نوێ و بە ئامارەکانی دەزگا نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەکان دەڵێین:
قوربانیکردن بە ئاژەڵی وەک وشتر و مانگا و مەڕ و بزن، لە رۆژانی جەژنی قورباندا وەک لە قورئان و سوننەتدا هاتووە، دەبێتە هۆی ڕاگرنتی هاوسەنگی نێوان گازەکان، چونکە وەک لە ئامارەکانی رێکخراوی(ئێف ئەی ئۆ) (فاو)دا هاتووە ئاژەڵان بەرپرسن لە دەردانی (١٨%)ی بڕی ئەو گازانەی کە پلەی گەرما بەرز دەکەنەوە، وەک گازی میسان (سی ئێج فۆر) و کاربۆن دای ئۆکساید بۆیە بە قوربانیکردن بەم چوار جۆرەی ئاژەڵ بڕی گازی میسان و کاربۆن دای ئۆکسید کەم دەکات و بڕی گازی ئۆکسجین زیاد دەکات.
گازی میسان(CH4)  کە لە ئەنجامی کرداری سوتاندن و پرۆسەی شیکردنەوەی بەکتریای توخمە ئەندامیەکانییەوە لە شوێنی ژێرخاکنانی زبڵ و خاشاکەوە دێتە ئاراوە.
(ئەو گازی (میسان)ـەی کە لە رێگەی مانگا و وڵاخی بەرزە و مەڕوماڵاتەوە دەردەچێت و ساڵانەش نزیکەی (٦٠٠) ملیۆن تۆنە و بەرز دەبێتەوە نێو بەرگی هەوا، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی دیاردەی قەتیسبوونی گەرما، بۆیە ئەگەر بتوانین سنورێک بۆ کەمکردنەوەی دابنێین ئەوسا دەتوانین گۆڕانکارییەکی خێراتر ئەنجام بدەین لەو گۆڕانکارییەی کە لە رێگەی دابەزاندنی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆنەوە بە دەستی دەهێنین).
بە پێی توێژینەوەکانیش دەرکەوتوە کە بڕی گازی میسان لە هەودا بە رێژەی (١٥٠%) زیادی کردووە لە ساڵی (١٧٥٠)وە تا ئێیستا.
ئەوەش راستە کە جیاوازیی هەیە لە نێوان کاریگەریی هەر یەک لە گازی میسان و گاز دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە رووی:
یەکەم : گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە (٧٠%)ی قەبارەی ئەو گازانە پێکدێنێت کە دەبێتە هۆی دیاردەی قەتیس بوونی گەرما، لە کاتێکدا گازی میسان (٢٣%) پێکدێنێت.
دووەم : توانای گازی مسیان بۆ گڵدانەوەی گەرما لە نێوان بەرگەهەوای زەویدا (٢٣) جار زیاترە لە توانای گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن.
سێییەم : گازی میسان بۆ ماوەی (٨) ساڵ لە بەرگەهەوادا دەمێنێتەوە لە کاتێکدا گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن بۆ ماوەی زیاتر لە (١٠٠) ساڵ دەمێنێتەوە.
لە ساڵی (٢٠٠٢)دا مانگا و مەڕ و ماڵات نزیکەی (٢،٣)بلیۆن تۆن گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و نزیکەی (١٠٤) ملیۆن تۆن گازی میسان ی خستۆتە هەواوە.
تەنها لە فەرەنسادا گازی میسانی دەرچوو لە رێگەی دەمی ئاژەڵەوە نزیکەی (٢٦) ملیۆن تۆن بووە و لە رێگەی پاشەرۆشیانەوە نزیکەی (١٢) ملیۆن تۆن بووە.
بۆیە هەتا بەرهەمێنانی یەک کیلۆگرام لە گۆشتی مانگا نزیکەی (١٣ تا ٣٠) کیلۆگرام لە گازی میسان دەچێتە هەواوە. 
ئەمرۆ بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (فاو) ژمارەی ئەم چوار جۆرە لە ئاژەڵەکان بەم شێوەیەیە:
یەکەم/مانگا :
لە جیهاندا ژمارەی مانگا نزیکەی ١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن  سەرە کە: 
٢٨% لە هیندستانە کە هیندیەکان نایخۆن و سەری نابڕن
٢٠٠ ملیۆن سەر لە بەرازیلە.
١٦٥ ملیۆن سەر لە ئەمریکایە.
١١٠ ملیۆن سەر لە چینە.
دووەم/مەڕ:
لە جیهاندا مەڕ نزیکەی ٢ ملیار سەرە کە ٢٢% ی لە وڵاتی نیوزلەندایە.
سێێەم/بزن:
لە جیهاندا ژمارەی بزن دەگاتە نزیکەی ١ ملیار  سەرە کە لە ٣٠% ی لەوڵاتی چینە.
چوارەم/وشتر:
لە جیهاندا ژمارەی وشترەکان نزیکەی ٢٠ ملیۆن وشترە کە ٧٠% ی لە وڵاتە عەرەبییەکانی ئاسیا و ئەفریقایە.
لێرەدا کە لە پرۆسەی قوربانی کردن بەو چوار جۆرە ئاژەڵە موعجیزەیەکی گەورە هەیە کە بریتییە لە کەمکردنەوەی بڕی گازەکانی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و میسان، وێڕای زۆر سودی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دیکە.
ئەمەش لە بەر ئەوەی ژمارەی ئاژەڵەکان ساڵانە لە زیادبووندان بەم پرۆسەیەش جۆرێک لە هاوسەنگی دەگەرێتەوە بۆ بڕی ئەو گازانەی کە زیان بە ژینگە و بەرگەهەوا دەگەێنن.
            عەبدوڕەحمان سدیق
سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم