بەڕێز وتاربێژ: مینبەری مزگەوت موڵکی جەنات نییە

مینبەر موڵکی خۆشەویستە -صلَّى اللهُ عَليهِ وَآلِهِ وَسَلَّم- و، موڵکی کەس نییە.
وتاربێژ هەرچەندە تۆمەتبار بکرێت و، تانە لە شەرەف و نامووسی بدرێت و، سومعەتی لەکەدار بکرێت، درووست نییە مینبەر بەکار بێنێت بۆ بەرژەوەندیی و بەرگریی لە خۆی، یان لە کۆمەڵ و تاقمەکەی، چونکە دەتوانێت لە چەندەها شوێنی تری وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵە ئاسمانییەکاندا بەرگریی لە خۆی بکات و، دەنگی بگەیەنێتە خەڵک. 
بەڵام بەداخەوە بەشیکی دیار لە وتاربێژ و بانگخوازان دەبینین مینبەر بەکاردێنن بۆ خۆدەرخستن و ستایشکردن و بەرگریی لە خۆیان. 
نازانم ئەو نوێژخوێنانە تاوانیان چیە کە ڕوو دەکەنە ماڵێک لە ماڵەکانی خودا بۆ ئەوەی زانستێک فێر ببن، یان ئیمان و باوەڕیان زیاد ببێت، یان ئامۆژگارییەک ببیسن دڵیان زیندوو بکاتەوە، یان بابەتێکی فیکریی نوێ فێر ببن عەقڵ و هۆشیان بکاتەوە، بەڵام لەبری ئەوە ناچار دەکرێن بە بیستنی ستایش و بەرگریی جەنابی وتاربێژ لە خۆی.
لەبەر ئەمە بە ڕاشکاویی دەڵێم:
هەر وتاربێژێ مینبەر و مزگەوت بۆ بەرژەوەندی خۆی و بەرگریی لەخۆی بقۆزێتەوە، ئەوە نەزانە و دەبێت فێر بکرێت، یاخود خیانەتکارە و دەبێت ڕێی لێ بگیرێت و سەرزەنشت بکرێت.

د.عوسمان محەممەد غەریب
هەولێر
13/جمادى الأولى/1445هـ -27/11/2023م