یه‌كێتی زانایان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وێڕای ئیدانه‌كردن داوای هێوركردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه‌ ده‌كات

دوای ئه‌وه‌ی پێشتر یه‌كێتی زانایان چه‌ندین لێدوانی تایبه‌ت به‌ رووداوه‌كانی بادینانی ده‌ركرد‌و، ئیدانه‌ی سووتاندنی باره‌گاكانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كرد‌و، داوای چاره‌سه‌ری ره‌وشه‌كه‌ی كرد، ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌ناوی سه‌رجه‌م زانایانی ئایینی كوردستان ئیدانه‌ی هێڕشه‌كان ده‌كات‌و، داوای دوورخستنه‌وه‌ی شوێنی مه‌یخواردنه‌وه‌ ده‌كات‌و شه‌ڕی راگه‌یاندن رابگیرێت.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه‌:

به‌یاننامه‌یه‌ك له‌ یه‌كێتی زانایان تایبه‌ت به‌ رووداوه‌كانی بادینان

به‌ناوی خوای گه‌وره‌‌و میهره‌بان

دیاره‌ رووداوه‌كانی زاخۆ‌و بادینان پشێوییه‌كی به‌سه‌ر كوردستان‌و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ هێنایه‌وه‌، له‌وه‌ش به‌ داخه‌وه‌ به‌بێ‌ هیچ پاساوێك مامۆستایان‌و زانایانی ئایینی كرانه‌ تۆمه‌تبار‌و به‌بێ‌ هیچ بنه‌مایه‌ك ویسترا كه‌سایه‌تیان له‌كه‌دار بكرێت، ئێمه‌ له‌ كاتێكدا دووپاتی به‌یاننامه‌كانی رابردوومان ده‌كه‌ینه‌وه‌‌و، جارێكی دیكه‌ هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی درانه‌ پاڵ مامۆستایانی ئایینی ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌‌و، زۆر به‌ تووندی ئیدانه‌ی سووتاندنی باره‌گاكانی یه‌كگرتووی ئیسلامی‌و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ده‌كه‌ین له‌و ناوچه‌یه‌، هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ به‌ناوی سه‌رجه‌م زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ره‌وشه‌كه‌ داوا ده‌كه‌ین:
یه‌كه‌م: وه‌ك له‌و رووداوه‌‌و چه‌ندین رووداوی پێشتریش ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ خه‌ڵكی ئێمه‌ موسڵمانه‌‌و، پێویسته‌ هه‌ستی دینداری ئه‌و خه‌ڵكه‌ موسڵمانه‌ بپارێزن، بۆیه‌ داوا له‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین به‌ زوویی شوێنه‌كانی ئاره‌قفرۆشتن‌و گه‌شتیاری چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌وه‌ی به‌ لانی كه‌م له‌ ناو بازاڕ‌و نزیك‌و مزگه‌وت‌و ناو ماڵی هاووڵاتیان دووربخرێنه‌وه‌.

دووه‌م: داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین به‌ زووترین كات ره‌وشه‌كه‌ هێور بكاته‌وه‌، له‌وه‌شدا مامۆستایانی ئایینی له‌سه‌ر رۆڵی ئه‌كتیڤیان به‌رده‌وام بن بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه‌.

سێیه‌م: هه‌روه‌ها داوا له‌ سه‌رجه‌م لایه‌ن‌و راگه‌یاندنه‌كان ده‌كه‌ین شه‌ڕی راگه‌یاندن رابگرن‌و، رێگای یاسایی‌و دروست بگرنه‌ به‌ر، چونكه‌ شه‌ڕی راگه‌یاندن ته‌نها دۆخه‌كه‌ زیاتر ده‌شێوێنێت، به‌ڵكو له‌ بری ئه‌وه‌ پێكه‌وه‌ دابنیشن‌و به‌ دیالۆگ‌و حیوار كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

مه‌كته‌بی ته‌نفیزی
یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
5/12/2011