عاشوڕاو پرسی دینداری

...

رۆژی 10ی موحەرەم بە رۆژی عاشورا مەشهورە، کە ئەم رۆژە لە مێژووی ژیانی پێغەمبەران (سەلامی خوایان لەسەر بێت) رۆژێکی تایبەتەو پڕە لە وانەی گرنگ و گەورە لە سەبرو نەصرو نەجات و عیبرەت..!!

مێژووی عاشووڕا لەوە قەدیمترە کورت بکرێتەوە تەنها لە شەهید کردنی ئیمام حسێن (علیه السلام)، بە پێی دەق تایبەتمەندی عاشوڕا دەگەڕێتەوە سەردەمی پێغەمبەر موسا- علیه السلام- وەک لە فەرمودەی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) هاتووە: (قَدِمَ رَسولُ اللهِ -صَلَّى اللَّهُ عليه وسلَّمَ- المَدِينَةَ، فَوَجَدَ اليَهُودَ يَصُومُونَ يَومَ عَاشُورَاءَ فَسُئِلُوا عن ذلكَ؟ فَقالوا: هذا اليَوْمُ الذي أَظْهَرَ اللَّهُ فيه مُوسَى، وَبَنِي إسْرَائِيلَ علَى فِرْعَوْنَ، فَنَحْنُ نَصُومُهُ تَعْظِيمًا له، فَقالَ النبيُّ -صَلَّى اللَّهُ عليه وسلَّمَ: نَحْنُ أَوْلَى بمُوسَى مِنكُم فأمَرَ بصَوْمِهِ) رواه البخاري.

راستە کارەساتی شەهیدکردنی ئیمام حسێن گەورەیەو هەمووانیش ئال و بەیت و سەحابەی کیڕاممان خۆش دەوێت، ڕوونیشە شین و نوێکردنەوەی تازیە لە ئیسلامدا شتێکی ویستراوو رێگە پێدراو نیە.

بەڵام ئەگەر بڕیار بێت لەناو ئۆممەتی ئیسلام رۆژێک دیاری بکرێت بۆ شین و رۆڕۆو تازییەباری، ئەوە رۆژی وەفاتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بە هەموو پێوەرەکان ئەولاترو لە پێشترە، رۆژی شەهید کردنی ئیمامی عومەر(ر.خ) لە میحرابی رسول الله و شەهیدکردنی ئیمامی عوسمان و ئیمامی عەلی -باوکی حەزرەتی ئیمام حسێن- و ئیمامی حەمزە (رەزای خوایان لەسەر بێت) هەروا..!! لێرەوە تێدەگەین ئەوەی لەم بۆنەیەدا دەکرێ قەزیەکە سیاسیە نەک ئایینی.

بەو هۆیەوە ئێستا کەسانێک لەم پەنایە دەیانەوێ وەک کارتێکی سیاسی لە چوارچێوەی راکێشانی عەتفی جەماوەری و زیادکردنی نفوزو هەژموونی فیکری بە کاری بهێنن، بۆ لێدان لە ئەهلی سوننەت و جەماعەت و تۆمەت خستنەپاڵ هاوەڵانی بەرێزو پاشەکشە پێکردنی ئاراستەی زانایانی راستەقینە.

لە ناو کوردو لە کوردستان ساڵەهایە گەورە زانایان رێڕەوی دینداریان لە چوارچێوەی مەزهەبی ئەهلی سوننەو جەماعەت دیاریکردووەو دیاریشە زۆرینەی هەرە زۆری کورد پەیڕەوی ئەو رێبازەیە، کەچی ئەوەی جێگەی هەڵوەستەو سەرسوڕمانە لە کوردستان ئەوەیە، کەسانێک بەناوی دین و دینداری و بە ناونیشان و پێگەی جۆراوجۆرو نازانستی و نابەرپرسانە ببنە هەوێن و دەستگیرۆی فکرو ئاراستەی ترو لە پێناو بەرژەوەندی و دەسکەوتی ماددی، چارەنووسی رۆڵەو کۆمەلگەکەمان بکەنە قوربانی!

کردنەوەی ئەم دەرگایە مەترسی زۆرەو وڵات بەرەو شڵەژانێکی گەورەی ئەمنی فکری دەبات، مەترسیدارتر لەوە ئەوەیە تەنها لە دەلاقەی سیاسییەوە سەیری ئەم پرس و بۆنەیە بکرێت و کەس خەمی چوارچێوەو هێڵە گشتیەکانی دینداری ئەم میللەتەی نەبێت..!!

بۆیە گرنگە لەپاڵ هەوڵی زانایان و دڵسۆزانی دین، سیاسی و خەمخۆرانی وڵات چەندە بایەخ بە ئەمنی قەومی و نیشتمانی دەدەن، ئەوەندە پتر ئەمنی ئایینی و فکری ئەم میللەتە لەبەر چاو بگرن و واقعی دینداری میللەتی کورد نەخەنە مەترسی و دۆخێکی نەخوازراوەوە..

 

مــەلا عبدالله شێرکاوەیی

۱٦ی تـــەموزی ۲٠۲٤ زاینی

۱٠ی موحەڕەم ۱٤٤۵کۆچی