تکایە با چراکان خامۆش نەکەین!

ئەو خوێندكارانەی كە ئەمساڵ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان توانییان پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەستبهێنن، مافی خۆیان پیرۆزبایی و دەستخۆشییان لێ بكرێت، بەڵام نابێت باقی خوێندكارە سەركەوتووەكان، كە نمرەیەكی كەمتریان بەدەستهێناوە فەرامۆش بكرێن و دەستخۆشییان لێ نەكرێت! چونكە كوردستان هەر پێویستی بە پزیشك و ئەندازیاری سەركەوتوو نییە، بەڵكوو پێویستی بە پارێزەر و مامۆستا و توێژەر و دیپلۆماتكار و ڕاگەیاندنكار و پیشەشاز و وەرزشڤان و هونەرمەندی سەركەوتووش هەیە، بۆ ئەوەی كوردستان لەسەر گشت ئاستەكان بەرەوپێشەوە بچێت.

ڕاستە هەموو خوێندكاران ناتوانن پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەستبهێنن، بەڵام دەتوانن لەسەر ئاستی كۆلیژ و پەیمانگاكان، بە سەركەوتوویی قۆناغەكانی خوێندن ببڕن و ببن بە كەسانی پسپۆر و شارەزا و شوێنپەنجەیان دیار بێت و لە گشت كایەكانی ژیاندا ئەسپی خۆیان تاو بدەن و خزمەت بە كورد و كوردستان و مرۆڤایەتی بكەن.

بۆیە تکایە با چراکان خامۆش نەکەین و بە داگیرساوی بیانهێڵینەوە، چونكە هەر خوێندكارێك، چرایەكە بۆ ڕووناكکردنەوەی گۆشە و سووچە تاریكەكانی كوردستان!

محمد ساڵح پێندرۆیی

جگەرسۆز