پێشنیارێک بۆ بەرێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش

...

دوێنێ بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ بکرێتە گرێبەست، کە ئەمە هەنگاوێکی دڵخۆشکەرو جێی دەستخۆشیە، وە بۆ خزمەتی مامۆستایان لە بواری پەروەردەوە هەنگاوێکی گرنگ بوو.

بەرێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەمەوێ داوایەک بخەمەوە بەر دیدی بەرێزتان؛ وەک دیارە مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش کە ژمارەیان ناگاتە 2 هەزار کەس، بەڵام بەپێی رۆڵ و پێگەیان؛ خزمەتێکی گەورە لە بواری ئایینی و نیشتمانیەوە پێشکەش دەکەن و جێی تەقدیری هەموو لایەکمانن، لەسەر ئەم بنەمایە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە دوو نوسراوی فەرمی ژمارە (22) لە 3ی1ی2023 و، ژمارە (758) لە 14ی8ی2023، کە ساڵی رابردوو ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ ئەوەی مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش بەپێی ئەو پۆلێن و ئالیەت و میکانیزمەی هەیە بە هەمیشەیی یان گرێبەست دابمەزرێن.

ئەمە وێڕای ئەوەی بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان راشکاوانەو لە کۆبوونەوەی جیا جیا ئەم باسەی تەرح کردووە، هەروەک وەزارەتی ئەوقاف بە تایبەت بەرێز وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی درێغی نەکردووە لە خزمەتکردن و ئاوەڕدانەوەو کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەو پەرۆشی بۆ مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش.

لە راستیدا دامەزراندنی مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش هەنگاوێکی پێویستە بۆ کوردستان، چونکە لە کاری مەلایەتی و خزمەتی ئایینی و بڵاوکردنەوەی بیری میانڕەوی و پاراستنی ئەمنی فکری و سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی و پاڵپشتی ئەزمونەکەمان زانایانی ئایینی جێدەستیان دیار بووەو، هەمیشە بە چاوی رێزەوە سەیری خزمەتەکانیان کراوە.

وەک چۆن بایەخدان بە رەوشی ئایینی و پاراستنی چوارچێوەی دینداری و بڕیاری کردنەوەی زانکۆی ئیسلامی لە کوردستان بەلای بەرێزتانەوە لەماوەی ئەم کابینەیە جێی بایەخ و گرنگیدان بوون، بەهەمان شێوە ئەم هەنگاوەش گرنگە.

بۆیە داوا لە بەرێزتان دەکەین بفەرموون بە ئاوەڕدانەوەو دامەزراندنی مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش، کە لەرووی ژمارەو رێژەوە کەمن، بەڵام بە حوکمی خزمەتی ئایینی و نیشتمانیی تایبەتمەندن؛ چونکە ئەم هەنگاوە خزمەتێکی گەورەو شاکارێکی مەزنی نیشتمانی و دڵخۆشکردنی نزیکەی 2 هەزار خانەوادەی دیندارە لە کوردستان.

مەلا عبدالله شێرکاوەیی

26ی8ی2024

هەولێر- کوردستان