بانگ و بانگدان.. سیستەمی یەک (بانگ)ی لە کوردستان

لەم نووسینەدا مەبەستمە تیشک بخەمە سەر دوو شت؛ پێگەو فەزڵ و حیکمەتی شەعیرەی بانگ لە تێڕوانینی ئسلام لەلایەک و، پرۆژەی یەکخستنی بانگ و بەستنەوەی بانگی مزگەوتەکان بە سیستەمی یەکبانگی لەلایەکی ترەوە..

(1)

بانگ دروشمێکە لە دروشمە پیرۆزەکانی ئیسلام، شەوو رۆژ پێنج جار بە دەنگی بەرز بەمەبەستی بەرز راگرتن و ئیعلانکردنی کاتی نوێژ لەناو موسڵمانان دەدرێت، کە لە دوای کۆچی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بۆ مەدینەو هاتنە پێشەوەی پێشنیاری شتێک بۆ ئاگادارکردنەوەی موسڵمانان بۆ کاتی نوێژ، دواجار یەکێک لە سەحابەکان بەناوی (عبدالله ی کوڕی زەید) بانگی لەخەوندا دیت و پێغەمبەریش (درودی خوای لەسەر بێت) بەو شێوەیەی هەیە بڕیاری لەسەر دا.

بانگ ئەگەرچی بە دەربڕین چەند وشەیەکی کەمە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا فرە رەهەندو زیاد لە واتاو ماناییەک لەخۆ دەگرێت و حیکمەتی زۆری تێدایە، لەبەر ئەوەی دەعوەتی خوایە بۆ بەندەکانی و ئیقرارکردنی یەکتاپەرستی و بەرزراگرتنی ناوی پیرۆزی (الله)یەو شایەتیدانە لەسەر یەکتاپەرستی و پەیام و پێگەی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) و دەرخستنی دروشمی باڵای ئیسلام و راگەیاندنی کات و پێگەی نوێژو نزای خێرو شادومانیە بۆ دینداران و بانگهێشتێکی تایبەتە بۆ کۆبوونەوەی موسڵمانان بۆ ئەنجامدانی مەراسیمی نوێژ.

بانگ بانگەوازێکی ئیمانیە بۆ ئامادەیی و ئاراستەکردنی موسڵمانان بۆ یەکڕیزی و ئاشتی و هەماهەنگی و برایەتی و پێکەوەبوون و بڵاوکردنەوەی شادومانی و خێرو خۆشەویستی و پاڵفتەکردنی دەروون و راهێنانی جەستە لەسەر ئەنجامدانی روکنێکی گەورەی ئیسلام کە عیبادەتی نوێژە، بە ئامانجی دروستکردنی هێزێکی گەورەی پەنهان و ئیمانی و رۆحی لە دەرووندا کە پاڵ بە مرۆڤەوە بنێت بۆ ئەنجامدانی کاری خێرو چاکەو وازهێنان لە تاوان و مونکەرو خراپە. مامۆستا شێخ محمدی خاڵ لە بارەی پایەو مەقامی بانگی پیرۆز جوانی فەرمووە: " ئەگەر راستتان ئەوێ هەر وتەیەک لە وتەکانی بانگ ئەگەر بە تەرازووی ژیری و بیر بیکێشین؛ تێ ئەگەین کە هەزار جار لە کێوی (پیرەمەگرون) قوڕسترو گەورەترو گرانترە، وە هەر وشەیەکی جۆرە ئاوازێکی تایبەتی هەیە لە گوێچکەو دڵانا، وە بە هەموو وشەکانی دەستەیەکی تەواو پێک دێنن لە مۆسیقەو سروودێکی گیانی، کە تا جیهان جیهان بێ شەو و رۆژی پێنج جار لە هەزاران لاوە بەرز ئەبێتەوە، وە لەم ئاسمانەدا دەنگ ئەداتەوەو ئەزرنگێتەوە، وە ئیمان و باوەڕی موسڵمان تازە ئەکاتەوە".

لە شوێنێکی تر دەڵێت: "بانگ دەعوەتی خوایە بۆ خڕبوونەوەو خواپەرستی و رووکردنە خواو سوجدەبردن لەگەڵ لەشکری رۆژو مانگ و ئەستێرەو دارو درەخت و شاخ و داخ بۆ بەر بارەگای تاک و تەنیایی خوای گەورە، بانگ دەرگای دڵی داخراو ئەکاتەوەو پەردەی دڵ و دەروون کون ئەکاو بێ پرس دەچێتە ژوورەوە، گوێچکەی دڵ و دەروون ئەزرنگێنێتەوەو بێداری ئەکاتەوە، بانگ هیوا بۆ مەردووم پەیدا ئەکات و خەم و خەفەت بە با ئەداو لەشسووکی و خۆشی ئەدا بە ئادەمی، هەرچەند پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) خەمبارو خەفەتبار بووایە بە بیلالی حەبەشی ئەفەرموو: (أرحنا يا بلال) واتە: بە بانگەکەی خۆت دڵمان فەرەح بکەو کەیف خۆشمان بکە".

شێخی خاڵ ئەوەش دەڵێت: "هەموو گەلێک سروودێکی هەیە، بەڵام سروودێکی پڕ لە رەگەزپەرستی کە هەر بۆ خۆی دەست بداو بەکاری گەلێکی تر نەیەت، بەڵام سروودی ئیسلام – بانگ – سروودێکی ئینسانی و عالەمییە بانگی هەموو کەسێک ئەکا بۆ برایەتی و ئاشتی و خۆشەویستی"

لە بەر ئەو پایەو مەقامە گەورەو پیرۆزەی بانگە، کە نوێبوونەوەی ئیمان و تازەبوونەوەی مرۆڤ و نزیکبوونەوە لە چاکەو خێری تێدایەو نیدایەکی جیهانییە، خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا إِذَا نُودِيَ لِلصَّلَاةِ مِنْ يَوْمِ الْجُمُعَةِ فَاسْعَوْا إِلَى ذِكْرِ اللَّهِ وَذَرُوا الْبَيْعَ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ تَعْلَمُونَ) الجمعە:9. واتە: ئه‌ى ئه‌وانه‌ى باوه‌رِتان هێناوه‌ كاتێ كه‌ بانگ درا بۆ نوێژ له‌ رۆژى هه‌ينيدا، ئێوه‌ به‌ په‌له‌ بچن به‌ده‌م يادى خواوه‌ و واز له‌ كڕين‏ و فۆشتن بهێنن، چونكه‌ ئه‌و كاره‌تان چاكتره‌ بۆتان ئه‌گه‌ر بزانن‏ و تێبگه‌ن.

هەروەها پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لەبارەی فەزڵ و گەورەیی بانگ دەفەرموێ: (مَن قال حين يسمع النداء: اللهم رب هذه الدعوة التامة والصلاة القائمة، آتِ محمدًا الوسيلة والفضيلة، وابعثه اللهم مقامًا محمودًا الذي وعدته، حلت له شفاعتي يوم القيامة)، واتە: هەر کەسێک کە گوێی لە بانگ دەبێت ئەم دوعایە بخوێنێت.. اللهم ربّ هذه الدعوة التامة... ئەوە شەفاعەتی من دەیگرێتەوە لە رۆژی دوایی..

هەر لەبارەی گەورەیی و پێزانینی بانگ و پێگەو کاریگەری لە ژیان و دەروونی دیندارانەوە دەفەرموێ: (لَوْ يَعْلَمُ النَّاسُ مَا فِي النِّدَاءِ وَالصَّفِّ الأَوَّلِ، ثُمَّ لَمْ يَجِدُوا إِلَّا أَنْ يَسْتَهِمُوا عَلَيْهِ لاَسْتَهَمُوا...) واتە: ئەگەر خەڵکی بزانن چ گەورەیی و پاداشتێک لە بانگ و ریزی یەکەمی نوێژ هەیەو هیچ رێگایەکیان دەست نەکەوێ تەنها لەرێی قورعەوە نەبێ، ئەوا قورعەی بۆ دەکەن تا خێریان دەستکەوێ...

(2)

ئێستا لە کوردستان لە رێی پرۆژەی یەکخستنی بانگ، کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پێی هەڵساوەو کاری لەسەر دەکات، بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستەتر بەمزگەوتەکان و نوێژخوێنان بکات و، بانگێکی زیندوو بەدەنگێکی خۆش بدرێت و لەرێی ئامێری تایبەتەوە بگوازرێتەوە سەرجەم مزگەوتەکانی تر، ئەتوانین بڵێین لە زۆر لاوە خزمەتێکی باش و هەنگاوێکی گرنگ و بەجێیە، چونکە:

یەکەم: هەنگاوەکە لەرووی شەرعیەوە هیچ گرفتی نیە، بەپێی وتەی ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان پرۆسەیەکی دروست و رەوایە، لەهەمان کات بەستنەوەی هەموو مزگەوتەکان یان مزگەوتی شارەکان بە سەنتەری شاری هەولێرو تۆڕی یەک بانگی زیندوو ئاسایی و دروستە، لەبەر ئەوەی رۆژهەڵاتی شارەکان لێک نزیکەو (اتفاق المطالع)يان هەیە، کەواتە ئەم هەنگاوە بێ لێکۆڵینەوەی حوکمی شەرعی و راوێژی لایەنی پەیوەندیدار نەنراوە، بەڵکو بۆچوون و روانگەی شەرعی بۆ وەرگیراوە.

دووەم: ئەم یەکخستنە مایەی بایەخدان و سەرپەرشتی کردنی ئەم دروشم و شەعیرە پیرۆزەیە بە کواڵێتی و سەداو دەنگ و ئاوازی تایبەتەوە، کە کاریگەری لە یەک پەیامی مزگەوتەکان و تێپەڕکردنی هەندێ کەم و کوڕی بانگدانە، یەکخستنی موسڵمانان و مزگەوت و خواپەرستیەکانە، بە شێوازێک کە دەنگی خۆش و سیستەمی تایبەت بە کاتی فەرزەکان، زیاتر جێی قەبوڵ و وەرگرتنە لای موسڵمانان تا ئەوەی پێشتر هەبوو، کە زۆر جار گلەیی لە هەندێ دەنگ و ئەدای نارێک دەکراو تەنانەت هەندێ جار ناخۆشی و عادزیش روویداوە.

سێیەم: بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاو ئامێرە هاوچەرخەکانە؛ بۆ خزمەتی شایستەو خۆگونجاندن لە گەڵ پێشکەوتنەکان و پێشکەشکردنی (بانگ)ە بە شێوازێکی رێکو پێک و دروست و رەوان و دوور لە گرفتی کەسی و بابەتی، ئەمەش لە زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامی جێبەجێ کراوەو پەیڕەوی سیستەمی یەک بانگی دەکەن.

چوارەم: یەکخستنی کاتەکانی بانگ و چارەسەرکردنی گرفتەکانە، کە زۆر جار وا بووە مزگەوتەکان بە چەند دەقە لە دوای یەکتری بانگیان فەرمووە، یان هەر شوێنەو بەپێی بڕیارو لێکدانەوەی تاکە کەسێک بانگ دراوە، یان هەندێ جار لەسەر ئاستی شارێک پرۆژەو پێشنیارێکی پەیوەست بە بانگ کراوەو سەری نەگرتووە، ئەمەش بەتایبەت لە مانگی رەمەزان مشتومڕی ناوەتەوە، ئەم رێکخستنە دەبێتە هۆکار بۆ نەهێشتنی ئەو ناکۆکی و مشتومڕە.

پێنجەم: هەرچەندە ئەم پرۆژەیەو کەمکردنەوەی فرە بانگی وا دەکات کە بەشێکی زۆری ئەوانەی بانگبێژن یان حەزو خولیای بانگدانیان هەیە دەرفەتی بانگدانیان کەم بێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم شەعیرەیە بەپێی ئەم سیستەمە لە چوارچێوەی فەرزی کیفایە مەبەستی شەرعی دێنێتە جێ و ئاسایی و شمولیە، ئیشکالێکی ئەوتۆ دروست ناکات، لەهەمان کات ئەو بانگبێژە بەڕێزانە؛ ئەگەر نیەتیان هەبێت و نەتوانن بەشداری ئەم خێرە بن، ئەوە ئومێد بە لوتف و گەورەیی خوا- جلّ جلاله- لەسەر نیەتی باشیان پاداشتیان بۆ دەنووسێت..

شەشەم: بەو پێیەی بانگ عیبادەتەو پاداشتی لەسەرەو رەمزو سیمبولی دیندارییە، سووننەتە بە دەنگێکی خۆش و مەقام و ئاوازی تایبەت بدرێت، واتە هونەری دەنگی تێدا بەکار بێت و چێژێکی ئیمانی ببەخشێتە هەموو ئەوانەی بە رۆح تێکەڵی وشەکانی بانگ دەبن و جوابی بانگ دەدەنەوە، چونکە ئەم هونەرە چەند لە ئاستێکی باڵاو بەرزو بە چێژ بێت، هێندە زیاتر کاریگەری لەسەر گوێگران دروست دەکات و لە فەزای گشتی وێناو سیمای ئیسلام جوانتر پیشان دەدات و بایەخ بۆ چێژی (بیستن) دادەنێت، ئەم جۆرە لە هونەر لەرێی پرۆژەیەکی وا نەبێت ئاسان نیە جێبەجێ بکرێت، چونکە هونەرو دەنگی خۆش و ناوازە بەهرەیەکی خوایەو لای هەموو کەس و لەهەموو شوێنێک دەست ناکەوێ، لەبەر ئەوەش بووە لە رابردوو نەتواندراوە وەک پێویستە ئەم ئاستەی هونەری بانگبێژی پەرەی پێ بدرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

کەواتە ئەم بانگە بانگێکی ئەلیکترۆنی و تۆمارکراو نیە – کە ئەمە جێی ئیشکال و مشتومڕی زانایانە-، بەڵکو (بانگ)ێکی زیندووەو بانگبێژ لە مزگەوتی (سەواف) بانگ دەدات و لەرێی ئامێری ئەلیکترۆنی و تایبەتەوە بانگەکە بۆ سەرجەم مزگەوتەکانی تر دەگوازرێتەوە، ئیدی کە لەرووی شەرعی و دروستی و رێپێدانەوە ئیشکالی نەبێت، پشتیوان بەخوا خزمەتێکی باش پێشکەشی کوردستان و موسڵمانان دەکات..

 

مەلا عبدالله شێرکاوەیی

ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایان

24ی11ی2024