چرای دڵتان مەکوژێننەوە ؟!.

شەو بڵاو بونەوەی تارکی و ئۆقرەگرتن و وێستانە لەسەر تەپۆڵکەی تەمەن .

شەو هەوری ڕەحمەتی سکونەت و، بارانی هێمنی و ئارامییە بۆ مەملەکەتی دەروون و ناخی مرۆڤ.

شەو شەپۆلی هێمنی ڕۆحە لەدەریای جەنجاڵی ژیان و پەڕینەوەیە بەنێو زەلکاوەکانی ژیانداو  گەیشتنە بە کەناری ئارامی.

شەو بیزاعەی مرۆڤە لە بازاڕی بەندایەتی و خواناسیدا تالە دوکانی پێزانیندا تەواوی ڕەفتارو کارو کردەوەکانی بە نرخێکی گران ساغ بکاتەوە.

شەو مەجلیسی مەحرەمانەی ئەسرارو نهێنییەکانی ڕۆژگارە تا بە دەردی  بێ مروەتی نەسوتێ و چرایەک دابگیرسێنێ .

شەو شەن و کەوکردنی تەواوی ژیانە بە بای وەشتی مەحەببەت و بە قوربی حەقیقەت لەگەڵ خالقی خەلق و فریاد ڕەسی ڕەستاخێر تا   لوتفێ بکاو سەرفەنەزەر  لێت ببورێ .

شەو تاک کەوتنەوی مرۆڤە لەگەڵ خودی خۆتدا، خۆیەک دەشێ هێشتا نەت ناسیبێ !. خۆیەک هێشتا گڕوگاڵیەتی لە کۆڵانەکانی مناڵیداو ، سەرقاڵی گەمەو یاریە.

شەو سوتانە بە چرای شەوقی جەمالی خالقێکدا کەتا هەنوکەیش چاوەڕوانی گەڕانەوەی تۆیە ، کەتائێستەیش گوێ قوڵاغی ڕازێکی نێو ناخی تۆیە .

شەو پەناو پاسارێکی مەحکەم و بەهێزە بۆ نەجات بوون لە دووکەڵی گوناهەکانت.

کەواتە:

 ئەم دەشەوەی شەوانی قەدری مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بە گرنگ بزانەو  بیکەرە فرسەتی بەخۆدا چوونەوە و تەنقییەو تەرقییە.

لەم شەوانەدا مەردانە چرایەک بۆ  دڵت داگیرسێنە تا نورو ڕۆشناییت پێ ببەخشێ و منەوەرتان بکات.

ئامان لەم سەحرای ژیانەدا  قەت غافڵ و بێ ئاگا نەبی و ڕازی نەبی چرای دڵت بۆساتێکیش خامۆش ببێ.