جەژنانە.. کلتورە ڕەسەنەکەی کوردەواری!

ئاکارە جوانە سروشتی و سازگارە دڵگیرەکان هەموو مرۆڤایەتی بە جیاوازی ئاین و نەتەوەکانەوە تێیدا هاوبەشن بۆ نمونە سەوقاتی و دیاری  پێشکەشکردن خۆی هەرمایەی دڵخۆشکردنە بە تایبەتیش لە جەژنەکاندا کە بە جەژنانە ناسراوە، ئەم میهرەبانی و جوانیە تاکو ئێستەش لەناو خانەوادەی ڕەسەنی کورد باوە و پەیڕەو دەکرێت ، باوک بۆ منداڵەکانی ، هاوسەرەکان لە نێوان یەکتریدا ، باپیرە و داپیرە بۆ نەوەکانیان ، هەروەها لە دەرەوەی خانەوادەش لە نێوان خاوەن کار و  کرێکار ، بەڕێوەبەر و کارمەند ، بەرپرس گروپ و ئەندامەکانی و هتد .....

دڵنیام هەریەکەمان کاریگەری جەژنانەکان چ باوک و باپیر یان هاوژین یان بەرپرسانمان یان حکومەت پێیانداوین لەیادەوەریماندا ماوەتەوە ....

ئێستا و لەم بەلە جەژنانەدا " قسە لەسەر موچە ناکەم چونکە  مافێکی بنەڕەتی فەرمانبەرە و قابیلی داواکاری و تەکلیف نیە  "  پێشنیار دەکەم ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان  لەم کۆتاییەی تەمەنیدا بەهەر ڕێگەیەک دەبێت بڕێک پارە پەیدا بکات و جەژنانەیەک بیبەخشێت بە فەرمانبەران ئەگەر توانای نیە بۆ هەمووی با تەنها بە موچە کەمەکان یان ژینگە پارێزان و کرێکارە کەمدەرامەتەکان جەژنایەک ببەخشێت .

ئەم جەژنایە واتە حکومەت ڕێزی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دەگرێت و مەبەستیەتی دڵی هاوڵاتیانی لەم بۆنەدا خۆشبکات کە بنەمایەکی ئیسلامی هەیە و ڕۆیشتنە لەسەر ڕێگەی ڕەسەنایەتی کوردەواری لەئەنجامدا هۆکاری دروستکردنی پردی پەیوەندی و پەیوەستبون و خۆشەویستیە و ڕێگەیەکە بۆ گەڕانەوەی متمانە و  بەستنی ئومێدی هاوڵاتیان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان.