فەرمانی دەستگیركردن‌ بۆ یوسف قەر‌زاوی‌ دەردەكرێت


پۆلیسی‌ ئیمارات، فەرمانی دەستبەسەركردنی‌ بۆ یوسف قەر‌زاوی‌ سەرۆكی‌ یەكێتی‌ زانایانی‌ جیهانی‌ موسڵمان دەردەكات.

زاحیی‌ خەلفان، فەرماندەی‌ پۆلیسی‌ دوبەی‌، رایگەیاندووە فەرمانی‌ دەستبەسەركردنی‌ یوسف قەر‌زاوی‌ دەرچووە بەمەبەستی‌ دادگایكردنی‌، ئەوەش دوای‌ ئەوەی‌ قەرەزاوی‌ حكومەتی‌ دوبەی‌ بەهێرشكردنە سەر خۆپیشاندەرانی‌ سوریا لەبەردەم كونسڵخانەی‌ وڵاتەكەیان لەدوبەی‌ تۆمەتباركردبوو.

فەرماندەی‌ پۆلیسی‌ دوبەی‌، راشیگەیاندووە هەر كەسێك سوكایەتی‌ بەحكومەت‌و دەوڵەتی‌ ئیمارات بكات دەستگیردەكەن‌و بەشێوەیەكی‌ دادپەروەرانە دادگایی‌ دەكەن.

راشیگەیاندووە لەناو خۆپیشاندەرە سورییەكاندا نزیكەی‌ سی‌ دەركراون كە بەنهێنی‌ كارییان بۆ ئیخوان موسلیمین كردووە.

یوسف قەرەزاوی‌، سەرۆكی‌ یەكێتی‌ زانایانی‌ جیهانی‌ موسڵمان، لەبەرنامەی‌ "شەریعە وەلحەیات"ی‌ كەناڵی‌ "جەزیرە"دا پۆلیسی‌ ئیماراتی‌ بەهێرشكردنە سەر خۆپیشاندەرانی‌ سوریا لەبەردەم كونسڵخانەی‌ وڵاتەكەیان لەدوبەی‌ تۆمەتباركرد.

لڤین پرێس