وه‌ڵامی لێژنه‌ی فه‌توای كوردستان ده‌رباره‌ی ئیستیك

بسم الله الرّحمن الرّحیم
الحمد لله ربّ العالمین والصّلاه‌ والسّلام علی حبیبنا ومولانا محمّد وعلی اله وصحبه والتّابعین ومن تبعهم بإحسان إلی یوم الدّین.

له‌م چه‌ند مانگه‌ی رابردوودا زۆر له‌ هاووڵاتیان سه‌ردانی لێژنه‌ی باڵای فه‌توایان كردووه‌، ده‌رباره‌ی شه‌ربه‌تی جۆ، ناوبراو به‌ (ئاب جۆی ئیستیك) بۆ وه‌رگرتنی فه‌توای شه‌رعی، كه‌ ئایا ئه‌م شه‌ربه‌ته‌، كه‌ ئێرانییه‌، له‌ رووی شه‌رعه‌وه‌ خواردنه‌وه‌‌و كڕین‌و فرۆشتنی حه‌ڵاڵه‌ یان حه‌رامه‌، وه‌ چه‌ند جاریش ئه‌م (ئاب جۆی ئیستیك) یان هێنایه‌ مه‌جلیسی فه‌توا بۆ خوێندنه‌وه‌ی نووسینه‌كه‌ی سه‌ر بتڵه‌كه‌، جا دوای باس‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌لایه‌ن لێژنه‌، هه‌روه‌ها پرسیار له‌ چه‌ند دكتۆڕی پسپۆڕ‌و شاره‌زا له‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان كرا، كه‌ هه‌موویان ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌، كه‌ شه‌ربه‌تی ناوبراو، هیچ ماده‌یه‌كی كحولی تێدا نییه‌، وه‌ سه‌رخۆشكه‌ر نییه‌.

جا دوای ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ له‌لایه‌ن لێژنه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بڕیار درا:
ئه‌م شه‌ربه‌تی ناوبراو به‌ (ئاب جۆی ئیستیك)ی ئێرانی خواردنه‌وه‌‌و، كڕین‌و، فرۆشتنی حه‌لاله‌، موسڵمانان ده‌توانن بۆ خواردنه‌وه‌‌و كڕین‌و فرۆشتن سوود له‌ شه‌ربه‌تی (ئاب جۆی ئیستك) سه‌ر به‌ كۆمپانیای ئیستك وه‌ربگرن.
لێژنه‌ی باڵای فه‌توای كوردستان
5/جه‌مادی الاخر/ 1431كۆچی
18/5/2010

تێبینی:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆپاراستنی ته‌ندروستی‌و ژینگه‌پارێزی، سه‌ر به‌ فه‌رمانه‌گه‌ی ته‌ندروستی سلێمانی به‌ ژماره‌ نووسراوی (877) له‌ (12/4/2007) به‌رامبه‌ر (22/نه‌ورۆز/2707) به‌ ئیمزای د. نجم الدّین حه‌سه‌ن أحمد، وه‌ڵامی لێژنه‌ی باڵای فه‌توایان داوه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌قه‌كه‌ی ده‌ڵێت: پاش ئه‌نجامدانی پشكنینی تاقیگه‌یی بۆ ئه‌و نموونانه‌ی كه‌ به‌ نووسراوی سه‌ره‌وه‌تان بۆتان ناردبووین ده‌ركه‌وت كه‌ هیچ جۆره‌ كحولێكی تیا نییه‌.