باشتر وایە حاجیەکانمان قوربانی لە کوردستان ئەنجام بدەن

ساڵانە حاجیانی هەرێمی کوردستان لە سەفەری حەجدا، وێرای فیدیەکانی حەج، رێوڕەسمی قوربانیش لە حەج ئەنجام دەدەن، بەڵام یەکێتی زانایان داوا لە حاجییە بەرێزەکان دەکات ئەم خێرە لە کوردستان بکەن باشترە، لەو بارەوە دکتۆر عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان گووتی: هەموو لایەك ئەو راستییە دەزانن کە ئێستا کوردستان بە دۆخێکی ناخۆشی ئابووری تێپەڕ دەبێت، ئەوەش لە دەرەنجامی تێکچوونی کاتەکانی پێدانی مووچەو، بڵاوبوونەوەی بێکاری و، هاتنی رێژەیەکی زۆری ئاوارە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە لە حاڵی ئێستادا هەر خیرو چاکەیەك لە کوردستان ئەنجام بدرێت لە هەر شوێنێکی تر باشترە، بۆیە لێرەوە داوا لە حاجیانی بەرێز دەکەین، هەروەها داوا لە کەس و کاری حاجیانیش دەکەین حاجییە بەرێزەکان ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە بری مەککە قوربانیەکانیان لە کوردستان ئەنجام بدەن.


هەروەها سەرۆکی زانایان زیاتر گووتی: بۆ ئەم مەبەسەتە راوێژمان لەگەڵ لێژنەی باڵای فەتوای کوردستان کرد، ئەوانیش پشتیوانی ئەو رایە دەکەن، بەوەی حاجیەکان لە رێگەی تەلەفۆنەوە کەسێکیان بکەنە وەکیلی خۆیان و لە کوردستان ئەم کارە ئەنجام بدەن، بۆ قۆناغی ئێستای کوردستان ئەمە خێرو پاداشتی زیاترە لە بردنە مەککەی پیرۆز.

 هەروەها سەرکی زانایان تەئکیدی لەوەش کردەوە، کە لە رۆژگاری ئەمرۆدا ئەوەی ماڵە هەژارێك لە هەژاری و کەمدەرامەتی رزگار بکات، هیچی لە خێری قوربانیکردن کەمتر نییە..