پێنج مامۆستای ئایینی بۆ ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەرچوونە

بە پێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پێنج كەس كە بە فەرمی پیشەی مامۆستای ئایینی لە مزگەوت بە (وتارخوێن) يان (پێشنوێژ‌و وتارخوێن) دەكەن وەكو ئەندامی پەرلەمان دەرچوونە.

سێ‌ كەسیان لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانن، ئەوانیش بەڕێزان: (مەلا ئیدریس عەلی زاخۆیی، مەلا ئەنەس دۆسكی، دكتۆر سیراج شێخ ئەحمەد خەیلانی)، یەكێكیش لە لیستی كۆمەڵی ئیسلامی بەڕێز (مەلا هەورامان گەچێنەیی)یە، یەكێكیش لە لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (مەلا عومەر كۆچەر)، لە كۆی ئەم پێنج مامۆستایە، سێ كەسیان لە سنوری دهۆك‌و یەكێكیان لە هەولێر‌و یەكێكیان لە سلێمانییە.

شایانی باسە (16) كەس لەوانەی پیشەی مامۆستای ئایینی دەكەن خۆیان بۆ پەرلەمانی كوردستان كاندید كردبوو، سێ‌ كەسیان لە لیستی پارتی‌ كە هەرسێكیان دەرچوونەو، دوو كەسیان لە لیستی یەكێتی‌و پێنج كەسیان لە لیستی كۆمەل‌و سێ كەسیان لە یەكگرتووی ئیسلامی‌و یەكیان لە لیستی ئایندە‌و یەكیان لە لیستی ئاراستەی سێیەم‌و یەكیان لە لیستی یەكێتی نەتەوەیی.

چەند كەسێكی دیكەش خۆیان كاندید كردبوو، كە كاری بانگخوازی‌و بەرنامە‌و سمیناری ئایینی پێشكەش دەكەن، بەڵام لەم هەواڵەدا مەبەستمان تەنها ئەوانەن، كە بە فەرمی كاری (مەلایەتی) وەكو وتارخوێن یان پێشنوێژ‌و وتارخوێن ئەنجام دەدەن.

ئێمە لە یەكێتی زانایان پیرۆزبایی لەوان‌و ئەندامەكانی تریش دەكەین، هیوای سەركەوتن لە كارەكانیان بۆ دەكەن‌و، هیوادارین لە داهاتووشدا لە ئاست متمانەی جەماوەر بن.