ئەمریکا.. جولەکە و مەسیحی لە پاشەکشەدان و ئیسلام و بێ باوەڕی لە هەڵکشاندان

بە پێی لێکۆڵینەوەیەک، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئایینەکانی جولەکە و مەسیحی لە پاشەکشەدان و ئیسلام و رووکردنە ئیلحاد لە هەڵکشاندان. لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردووە، ئایینەکانی جولەکە و مەسیحی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پاشەکشەدان، لەبەرامبەردا ئیسلام و رووکردنە ئیلحاد لە هەڵکشاندایە، هەروەها ئایینی بەهایی بە فراوانی لە ویلایەتی کارۆلین بڵاودەبێتەوە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، زۆربوونی ژمارەی بێ باوەڕەکان، کە سەر بە هیچ ئایینێک نین، لە ئیسلام زیاترە، ئیسلامیش لە مەسیحی و جولەکە زیاترە. لێکۆڵینەوەکە، کە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردووەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەمریکای نوێ بەمجۆرەیە، لەکاتێکدا هەر لەدامەزرانییەوە تاوەکو ئێستا ئایین کۆڵەگەیەکی گرنگ بووە لە ئەمریکا، وێڕای ئەوەی ئایینی مەسیحی ئایینی هەرە بەربڵاوی ئەمریکایە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە ئەو ئایینە لە پاشەکشەدایە. هەرلە لێکۆڵینەوەکە دەرکەوتووە، ئایینی بەهایی لە زیادبووندایە بەتایبەتی لە ویلایەتی کارۆلین، لێکۆڵینەوەکە هۆکاری گۆڕانی نەخشەی ئایینیشی لە ئەمریکا بۆ بزاوتی کۆچ و ئازادی رەهای ئایینی گەڕاندەوە لەو وڵاتەی، کە کۆنتڕۆڵی سیاسەت و ئابووری جیهانی کردووە. ئەم لێکۆڵینەوە نوێیەی ئەمریکا، لێکۆڵینەوەکەی ساڵی رابردوو بیردەخاتەوە، کە رۆژنامە بەریتانییەکان بڵاویانکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو، لە بەریتانیا ئایینی مەسیحی لە پاشەکشەدایە و ئیسلام و ئیلحاد لەبەرامبەردا لە زیادبووندان، بە جۆرێک لە 10 ساڵی رابردوودا، 4 ملیۆن کەس دەستبەرداری ئایینی مەسیحی بوونە، یان ئیلحادیان هەڵبژاردووە یانیش بوونەتە موسڵمان و لەنێو هەر 20 بەریتانییەکیش، یەکێکیان مسوڵمانە.
لە رووداو وەرگیراوە