دوو کچی کورد، بە قورئان و میوزیک خڕۆکە سپییەکانی خوێن زیاد دەکەن

دوو كچی كوردی دانیشتووی شاری هەولێر بە تاقیكردنەوە لەسەر مشك بەشداری پێشبڕكێیەك لە قوتابخانەیەك دەكەن و خەڵاتی زێڕین وەردەگرن. وا بڕیارە تاقیكردنەوەكەیان ببنە توركیا و بەشداری پێشبڕكێیەكی زانستی پێبكەن.

سێبەر تەحسین و زیلان نەوزاد كە تەمەنیان 17 ساڵە و قوتابی پۆلی پێنجەمی دواناوەندین لە قوتابخانەی ئیشقی نموونەیی، دوای ئەوەی داوایان لێدەكرێت بەشداری پێشبڕكێیەك بكەن لە قوتابخانەكەیان، بڕیار دەدەن بە پرۆژەیەكی بایۆلۆژی بەشداری پێشبڕكێیەكە بكەن. ئەویش دۆزینەوەی هەندێك لە هۆكارەكانی نەخۆشی خوێنە لە رێگەی تاقیكردنەوە لەسەر مشكی سپی.

 

قورئان و میوزیك بەكاردێنن

بەپێی زانستی بایۆلۆژی، پێكهاتەی بایۆلۆژی مشك و مرۆڤ زۆر لە یەكدی نزیكە، بۆیە زاناكان بۆ زانینی هۆكاری نەخۆشییەكی مرۆڤ یان چارەسەری زۆربەی كات مشك بەكاردێنن. 

سێبەر باسی پرۆژەكەیان بۆ (رووداو) دەكات و دەڵێت "سەرەتا چوار گرووپ مشكمان هێنان، لەگەڵ زیلان كردمان بە دوو بەش. هەر یەكەمان دوو گرووپمان لابوو، گرووپێك هیچمان بۆ لێنەدان. یەكێكی دیكەیان رۆك موزیكمان بۆ لێدان ،گرووپێكی دیكەیان قورئان، گرووپێكی دیكەش موزیك و گۆرانی هێواشمان بۆ لێدان".

ئەو پێشبڕكێیە ساڵانە لەلایەن كۆمپانیای فەزالەر رێكدەخرێت كە چەند قوتابخانە و لقی زانكۆ و كۆلێژیان لە كوردستان هەیە، لەوانەش قوتابخانە و كۆلیژی ئیشق لە هەولێر و سەلاحەددین لە سلێمانی.

سێبەر و زیلان كە ئەو مشكانەیان لە تاقیگەكانی كۆلیژی زانستی زانكۆی سەلاحەددین دەستكەوتبوو، بۆ ماوەی 8 رۆژ رۆژانە 3 كاژێر قورئان و میوزیكیان بۆ مشكەكان لێدابوو. هەروەها وەك یەك خواردنیان داونەتێ، بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر ئەنجامی تاقیكردنەوەكەیان نەبێت.

سێبەر باسی ئەنجامی تاقیكردنەوەكەیانی كرد و گوتی "دوای 8 رۆژ، خوێنمان لە مشكەكان وەرگرت و لە تاقیگەی كۆلیژی زانست و تاقیگەیەكی ئەهلیش پشكنینمان بۆ كردن. ئەو كۆمەڵە مشكەی موزیك و گۆرانی هێواش و قورئانیان بۆ لێدرابوو، خڕۆكە سپییەكانی خوێنیان زیادی كردبوو، بەڵام ئەو كۆمەڵەی رۆك میوزیكیان بۆ لێدرابوو، خڕۆكە سوورەكانی خوێنیان كەمی كردبوو، كە دەبێتە هۆی زۆر نەخۆشی". هەروەها گوتی "ئەوانەی قورئانیان بۆ لێدرا لەوانی دیكە زیاتر ئاویان خواردووەتەوە". 

حوسێن ئیسماعیل، بەڕێوەبەری تاقیگە لە وەزارەتی تەندروستی، لەبارەی ئەو تاقیكردنەوەیە دەڵێت "راستە موزیكی هێواش كاردەكاتە سەر تەندروستی مرۆڤ و ئارامی دەكاتەوە، ئەوە توێژینەوەی لەسەر كراوە. بەڵام ناتوانین بڕیار لەسەر ئەوە بدەین كە ئەو تاقیكردنەوەیەی كراوە تا چەند ئەنجامەكەی راستە یان راست نییە، چونكە ئەو كۆمەڵە مشكەی كە ئەوان تاقیكردنەوەیان لەسەر كردوون دەبێت هەموویان یەك تەمەن بووبن، هیچ نەخۆش نەبووبن، ئەو شوێنەی لێی دانراون جێگیر بووبێت و پلەی گەرمای لەشیان وەك یەك بووبێت، یەك جۆر خواردن و ئاو بە هەموویان درابێ، ئەو كاتە دەتوانین تاقیكردنەوەیان لەسەر بكەین و لە ئەنجامەكان دڵنیابین". 

بەڵام د.مەزهەر كەریم كە سەرپەرشتی ئەو دوو قوتابییەی دەكرد لە كاتی تاقیكردنەوەكەدا بە (رووداوی)ی گوت "ئەمە بیرۆكەیەكی باشبوو، چونكە ئەگەر بەدواداچوونی زیاتری لەسەر بكرێت ئەوا ئێمە دەتوانین لە جیاتی دەرزی و دەرمان بە گوێگرتن لە قورئان و میوزیك، چارەسەری هەندێك نەخۆشی بكەین".

 

خەڵاتی زێڕینیان بردەوە

ئەو پێشبڕكێیە لە 25/1/2014 لە كۆلێژی عیشق بەڕێوەچوو كە جگە لە پرۆژەكەی سێبەر و زیلان، 95 پرۆژەی دیكەش بەشدارییان لە پێشبڕكێیەكەدا كردبوو. پرۆژەی ئەو دوو كچە و 8 پرۆژەی دیكە، لەلایەن كۆمپانیای فەزالەرەوە خەڵاتی زێڕینیان پێدرا.

هەرچەندە زۆر لە ژنانی كوردستان لە مشك دەترسن و لەبەری رادەكەن، بەڵام زیلان دەڵێت نەترساون "نەك لێیان نەترساین، بەڵكو زۆریش پێمان جوان بوون، بەڵام دەبووایە زوو زوو شوێنەكانیان پاك بكەینەوە، بۆنیشیان ناخۆش بوو".

وا بڕیارە لە 5/9/2014 ئۆلۆمپیادێكی نێودەوڵەتی لە توركیا بۆ ئەو جۆرە پرۆژانە رێكبخرێت كە بە ئۆلۆمپیادی (ئیمپۆ) ناسراوە. زیلان دەڵێت دوای پێشكەشكردنی پرۆژەكەیان، داوایان لێكراوە بەشداری ئەو ئۆلۆمپیادە نێودەوڵەتییە بكەن.