پێویستە موسوڵمانان ڕوبەڕوری شێربەنجەی توندوتیژی ببنەوە

ئیدانەی تیرۆر بکەن، بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ بکەن و خوێندن گەشە پێبدەن


لەکاتێکدا ئەو گرووپەی کە خۆی ناوناوە دەوڵەتی ئیسلامی و بە داعش ناسراوە، بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی کوشتارو ڕەشەکوژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە لەسەر موسوڵمان ڕوبەڕووی ئەم ئایدۆلۆژییە تۆتالیتارییە ببنەوە کە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم گروپەو گروپە تیرۆستییەکانی ترە. هەر کارێکی تیرۆریستی کە لە ژێر ناوی ئیسلاميدا ئەنجام دەدرێت بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر کار دەکاتە سەر هەموو موسوڵمانان، وا دەکات کە بێزراوبن لەناو هاوڵاتیاندا و هەڵە تێگەیشتنی کەسانی تریش بەرامبەر بە بیروڕا ئاینییەکان زیاتر قوڵدەکاتەوە.


کارێکی ڕەوا نیيە سەرزەنشتی ئیسلام بکرێت لەسەر ئە کردارە قێزەونانەی کە ڕادیکاڵە توندڕەوەکان ئەنجامی دەدەن. بەڵام کاتێک تیرۆریستەکان بانگەشەی موسوڵمان بوون دەکەن، تەنها بە ناو دەبنە هەڵگری ئەم ناسنامەیە. بۆیە پێویستە لەسەرمان ئێمە وەك هەموو ئەندامانی ئەم ئایینە ئەوەی لە دەستمان دێت بیکەین بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبووەنەوەی ئەم شێرپەنجەیە لەناو کۆمەڵگاکانماندا.


سەرەتا، پێویستە لەسەرمان ئیدانەی توند و تیژی بکەین و نەکەوینە داوی قوربانی بوونەوە. ئەگەرچی بناڵێنین بە دەستی چەوساندنەوەوە، بەڵام ئەمە هەرگیز نابێتە بەهانە بۆ ئەوەی خۆمان لە ئیدانەکردنی تیرۆر بدزینەوە. ئەوەی کە تیرۆرستان هەڵدەستن بە ئەنجامدانی تاوانی گەورە بە ناوی ئیسلامەوە تەنها بیرو ڕای من نییە، بەڵکو ئەمە سەرئەنجامێکی حەتمی خوێندنەوەیەکی ڕاست و دروستە بۆ سەرچاوە بنەڕەتییەکانی دین؛ قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر محمد (دروودی خوای لەسەر بێت). کرۆکی پرنسیپەکانی ئەم سەرچاوانە -کە لە ئەنجامی هاوڵ و ماندوبونی چەندەها زانا بە درێژایی چەندین سەدە کە خۆیان تەرخان کردووە بۆ خوێندنی فەرموودەو ژیانی پێغەمبەرو تێگەشتن لە مەبەسەتی نێرەری قورئانی پیرۆزەو هاتوونەتە ئاراوە- زۆر بە توندی هەموو ئەو بانگەشانەیان ڕەتدەکەنەوە کە ئەو تیرۆرستانە کردوویانە بە بەهانە بۆ جێبەجێکردنی دین بەو شێوەیە.


دووەم: زۆر گرنگە کە پەرە بدرێت بە تێگەیشتنی گشتگیرانە بۆ ئیسلام، چونکە ئەو نەرم و نیانی و گونجانەی کە وای کردووە لایەنگرانی ئەم دینە سەرەڕای جیاوازی کلتورییان بتوانن بە ئاشتی و ئارامی پێکەوە بژین، ڕەنگە کارێك بکات کە هەندێک جار لێکدانەوی نا تەندروست بۆ تێکستە دینییەکان بکرێت بە جۆرێک کە دژی بنچینە سەرەکییەکانی دینی بوەستێتەوە. لە کاتێکدا کە ئیسلام بواری لێکدانەوەی بەها سەرەکییەکانی بۆ کەسەکان جێهێشتووە بەڵکو زۆر بە ڕوونی بەیانی کردوون. یەکێک لەو بەها سەرەکییانە وەک لە قورئاندا هاتووە ئەوەیە کە کوشتنی یەک کەسی بێتاوان وەك كوشتنی هەموو مرۆڤایەتی وایە، تەنانەت لە کاتی بەرگریکردندا لە جەنگەکاندا توندووتیژی دژی کەسانی بێ چەک بەتایبەت ئافرەتان، منداڵان، پیر و پەککەوتەکان لەلایەن پێغەمبەرەوە زۆر بە زەقی رێگری لێکراوە و بە هیچ جۆرێک رێگەی پێنەدراوە.


پێویستە ئێمە ئەم بەهایانە دەربخەین بە نواندنی هاوسۆزی لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە عەوداڵی ئاشتین لە سەرانسەری جیهاندا. بە لەبەر چاوگرتنی لایەنی سایکۆلۆژی مرۆڤ و داینامیکیەتی هەوالەکان، ئەوە شتێکی ئاشکرایە کە دەنگە نێوەندگیر و میانڕەوەکان کەمتر دەتوانن سەردێڕەکان بۆ خۆیان بەرن وەک لە توندووتیژەکان. بەڵام لە جێگای سەرزەنشتی میدیاکان پێویستە بە شوێن ڕێکاری کارای تردا بگەڕێین بۆ ئەوەی لە ڕێیەوە دەنگمان ببیسترێت.


 سێیەم: پێویستە موسوڵمانان زۆر بە ئاشكرا پەرە بە مافەكانی مرۆڤ و ڕێزو ژیان و ئازادییەكان بدەن، ئەمانە بنچینەترین بنەماکانی ئیسلامن و هیچ تاكە كەسێك یان لایەنێكی سیاسی یان سەركردەیەكی دینی ناتوانێت دەستكارییان بكات و دووریان بخاتەوە. ژیان لە ژێر سایەی باوەڕەكەماندا مانای ڕێزگرتن لە فرەیی كلتور، كۆمەڵایەتی، دینی و سیاسی دەگەیەنێت. خوای گەورە فێربوونی هەر یەكێك لەوانی ترەوەی بە یەكێك لە مەبەستە سەرەكییەكانی جیاوازی و فرەیی داناوە. (13:49) ڕێزگرتنی لەهەر مرۆڤێك لەبەر ئەوەی دروستكراوی خوایە ڕێزگرتنە لە خوای گەورە (17:70).

 

چوارەم: پێویستە لەسەر موسوڵمانان كە هەلی خوێندن بڕەخسێنن بۆ هەموو ئەندامانی كۆمەڵگاكانیان، كە لەو ڕێیەوە خوێندنی زانست، مرۆڤایەتی و هونەر تێهەڵكێش بكرێت لەگەڵ كلتوری ڕێزگرتنی لە هەموو بوونەوەرێكی زیندوو. پێویستە لەسەر حكومەتەكانی وڵاتانی موسوڵمان پەیڕەو پڕۆگرامی خوێندن بەجۆرێك دابڕێژن كە ببێتە هۆی بڵاوبونەوەی بەها دیموكراسییەكان. كۆمەڵگای مەدەنی ڕۆڵێكی گەورە دەبینێت لە بڵاوكردنەوەی ڕێزو یەكتر قبوڵكردن. ئەمە ئەو هۆكارەیە كە وای كردووە لە لایەنگرانی بزوتنەوەی خزمەت هەستن بە كردنەوەی زیاتر لە (1000) قوتابخانە، ناوەندی فێركاری و پەیمانگای دیالۆگ لە زیاتر لە (150) وڵاتی جیهاندا بكەنەوە.


پێنجەم: دابینكردنی پەروەردەی دینی بۆ موسڵمانان زۆر گرنگ و هەستیارە بۆ ئەوەی دەستی توندڕەوەكان كۆتابكرێت لەوەی كە دین وەک هۆكارێك بەكاربێنن بۆ بڵاوكردنەوەی بیرە بۆگەنەكانیان. كاتێك ڕێگری دەكرێت لە ئازادی دینی، هەروەك ئەوەی بۆ ماوەی چەند دەیەیەكە هەیە لە چەند پارچەیەك لە جیهانی ئیسلامیدا، بیرو باوەڕەكان لە سێبەردا گەشەدەكەن، ئەمەش ڕێخۆشكەری دەكات بۆ دەموچاوە ڕادیكاڵە ناشایستەكان كە بەشێوەیەكی نەشیاو لێكدانەوە بۆ دین بكەن.


لە كۆتاییدا، زۆر گرنگە كە جەخت لە سەر ئەوە بكەینەوە كە موسوڵمانان بە یەكسانی بەرگری لە مافەكانی ژنان و پیاوان بكەن. پێویستە ئافرەتان هەلی زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت و هیچ جۆرە فشارێكی كۆمەڵایەتییان لەسەر نەمێنێت كە مافەكانیان پێشێل دەكات.


موسوڵمانان لەم بابەتەدا نموونەیەكی زۆر گەورەیان لە پێش چاوە، كە ئەویش خێزانی پێغەمبەر (عائیشە)یە، كە زانایەكی زۆر خوێنەوارو مامۆستاو ڕابەرێكی دیاری ناو كۆمەڵگاکەی خۆی بووە.


تیرۆر كێشەیەكی ئاڵۆزە، بۆیە پێویستە چارەسەرەكان ڕوویان لە ئاستەكانی سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی و دینیش بێت. ئەو هەوڵانەی كە كێشەكە بچوكدەكەنەوە تەنها بۆ دین، زیانێكی گەورە بەو گەنجانە دەگەیەنن لە مەترسیدان بەتایبەت و بە هەموو جیهانیش بەگشتی.


كارێكی باش دەبێت بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە بە ئاگابێتەوە كە موسوڵمانان قوربانی سەرەكی دەستی تیرۆرن و هەم لە –واقیعدا، هەم لە ناوبانگیشدا- وە لەوەش کە موسڵمانان دەتوانن ڕۆڵێكی كارا ببینن لە پەراوێزخستنی تیرۆرو وشككردنی سەرچاوەكانیدا. بۆیە پێویستە كە دەسەڵاتداران خۆیان بە دوور بگرن لە هەر جۆرە هەڵسوكەوت و لێدوانێك كە موسوڵمانان بێزار دەكات.


ئاژاوەو توندوتیژیەکان دینییان نییە، هەموو كاتێك كەسانێك هەن، كە تێكستە دیینییەكان بە شێوەیەكی خراپ بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاردەهێنن. هەروەك چۆن مەسیحییەكان ناڕازین بە سوتاندنی قورئان و ڕەفتارەكانی "كوكلوكس كلان"، هەروەها بوزییەكان ڕازی نین بەو كوشتارگەیەی دژی موسوڵمانانی ڕۆهینگیا (بۆرما) ئەنجام دەدرێت، بە هەمان شێوە زۆرینەی هەرە زۆری موسوڵمانان دژی توندوتیژین.


موسوڵمانان بە درێژایی مێژوو بەشدارێكی كارا بوون لە شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا، گەورەترین بەشدارییمان لەو كاتانەی مێژوودا بووە كە بیروباوەڕمان ڕێزگرتن لە یەكتری، ئازادی و دادگەری چەسپاندووە. ڕەنگە ڕاستكردنەوەی وێنەی شێوێنراوی ئیسلام كارێكی زۆر قورس و گران بێت بەڵام موسوڵمانان دەتوانن ببنە هێمای ئاشتی و سەقامگیری لە كۆمەڵگاكانی خۆیاندا.


 

فەتحوڵا گولەن
رۆژنامەی (The Wall Street Journal) ی ئەمریکی
٢٧/٨/٢٠١٥