فەتحوڵڵا گولەن بۆ ڕۆژنامەی لیمۆندی فەرەنسی دەنووسێت: موسوڵمانان دەبێ شەڕ دژی ڕادیکالیزم ڕاگەیەنن

لەو نووسینەیدا کە بۆ ڕۆژنامەی باناوبانگی ''لیمۆند''ی فەرەنسیی نووسیبووی گولەن پەیامی گرنگیی  ئاڕاستەی  هەریەک ڕای گشتیی نێونەتەوەیی و ڕای گشتیی  موسولمانان کردووە سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە پەڕگیریی و تیرۆرێک. گولەن لە نووسینەکەیدا سەرباری ئەوەی کە ئاماژەی گرنگیی بەو کردەوە تیرۆرستیانە کردووە کە لە پشت پەردەی ئیسلام و بەناوی ئیسلام دەکرێن  زیاد لەوەش  موسوڵمانان ڕۆژ دوای ڕۆژ  بێگانە تەماشا دەکرێن و پێش داوەری و گریمانەی زۆر هەڵە سەبارەت بە ئیسلام دەگیرێتە بەر، ئاماژەی بەوەش کردووە کە تیرۆر هیچ ئاینێکی نییە.


لە درێژەی ئەو نووسینەی کە لە ڕۆژنامەی لیمۆند بڵاو کراوەتەوە نووسەر  دەڵێت '' وەک موسوڵمان ئەمڕۆ پێویستە خۆمان لە تیۆری موئامەرە '' نظریە مئامرە'' دوور بخەینەوە و ئازایانە ئازادانە ڕووبەڕووی کێشەکانمان ببینەوە و پەنجە لەسەر هەڵەکانمان دابنێن و پێداچوونەوە و لێپرسینەوەیەکی شێلگیرانەی خۆمان بکەین کە داخۆ: ئەوە ئەو  مەیلەیە کە بۆ ئیستیبداد هەیە،  یا ئەوە ئەو توندووتیژییە فیزیکیانەن،  یاخود گرنگی نەدانە بە گەنجان و نەبوونی پەروەردەیەکی تەندرووستە بۆیان بوونەتە هۆکاری تۆتالیتاریزەکردنی زیهنییەتی دەستەجەمعی کۆمەڵگاکەمان و گۆڕینی  بۆ چەند گرووپێکی  خاوەن زیهنییەتی تۆتالیتاریانە؟


سەبارەت بە ڕوبەڕووبوونەوەی بیری تووندووتیژی لەلایەن موسوڵمانانی دانیشتوو و نیشتەجێی ئەوروپاوە گولەن دەنووسێت: '' سەرباری ئەو ئاتمۆسفێرە نالەبارەی ئەمڕۆ بۆ موسوڵمانانی ئەوروپا هاتووەتە پێش، موسوڵمانەکان دەبێ لە ڕێی پەیمانێکی توندوتۆڵترەوە هاوشان و شانبەشانی ئەو دەوڵەتانەی کە تێیدا نیشتەجێن بەشدار بن لە بەدیهێنان و خولقاندنی سیاسەتێکی کراوە کە تێیدا موسوڵمانان باوەشی زیاتر بۆ کۆمەڵگەکانیان بکەنەوە و   بچنە نێو پەیوەندییەکی تووندوتۆڵتر لەگەڵیدا و  زیاتر هەولی تێکەڵ کردن و دروستکردنیی پەیوەندیی لە نێوان هاوئاین و کۆمەڵگاکانیان دروست بکەن.


سەرەتا ڕۆژنامەکە ''گولەن''ی وەک کەسایەتییەک ناساند کە گرنگی زۆر بە زانست دەات و پشتگیریی لە بنەماکانی دیموکراسی دەکات، و هاوکات نووسیویشێتی کە ئەو سەرکردەی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە بە نێوی ''خزمەت'' کە گرنگی بە دایەلۆگی نێوان ئاینەکان دەدات. لە درێژەی ناساندنی گولەندا نوسیوێتی سەرەتا گولەن پشتگیرێکی گەورە و بەهێزی ئاردۆگان و حکومەتەکەی بوو،بەلام لە دوای ئاشکرا بوونی گەندەڵی و ئابڕووچوونی حکومەتەکەی  ئاردۆگان بوویە یەکێک لە هەرە سەرسەختترین نەیارەکانی.


تەواوی ئەو نووسینەی  ''گولەن'' کە دوابەدوای پەلامارە  تیرۆرستییەکانی پاریس لە ڕۆژنامەی لیمۆندی فەرەنسیی بڵاوی کردبوویەوە :


چەندە کارێکی گران و نەکردەیە لەسەر دڵم بتوانم بە وشەگەلێک بەیانی ئەو وەحشیگەرییە بکەم کە  ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش و هاوشێوەکانی ئەمڕۆ  لە دونیادا ئەنجامی دەدەن. ئەمڕۆ ئەم گروپە تیرۆرستیانە بۆ شەرعییەتدان بە ئایدۆلۆژیا و کارە تیرۆرستییەکانیان خۆیان دەخزێننە ژێر پەردەی ئاین و بەو کارەشیان ملیارد و نێوێک موسوڵمان وەک من داخدار و دڵتەنگ دەکەن. وەک موسوڵمانان گەورەترین ئەرکی سەرشانمان ئەوەیە شان بەشانی یەکتر مرۆڤایەتی لەم بەڵایەی تیرۆر ڕزگار بکەین لەلایەک و هەوڵی جددی بدەین ڕووە جوانەکەی ئاینەکەمان نیشانی ئەوانی دیکە بدەین و بەم جۆرە ئەو لەکەو ڕەشییەی کە ئەمڕۆ لێی کەوتووە پاکی بکەینەوە.


ئەمڕۆ لەوانەیە لە ڕیگەی کۆمەڵێک گوتار و سیمبولەوە بانگەشەی شوناسێکی جیاواز لەوەی لە گۆڕەپانەکەدایە بکەین، بەڵام ڕاستیی و دروستی  ئەم بانگەشەیە لە تێکەڵاوی ''معاملات'' و کایە ژیارییەکاندا دەردەکەوێت و میسداقییەت پەیدا دکات، چونکە پێوەری راستەقینەی ئیمان لە بری گوتار و سلۆگان و ڕوکەش ئەو مانا قووڵانەیە کە هەر ئاینێک لەگەڵ خۆی هێناوێتی ، ئەویش خۆی لە پارێزگاری کردن و هەستیار بوون بەرامبەر کەرامەت و ژیانی مرۆڤ دەبینێتەوە.


وەک موسوڵمانان ئەمڕۆ دەبێ بە بێ هیچ کۆت و بەندێک و دوور لە هەموو چەند و چوونێک بە گژ ئەو زیهنییەتە ئایدۆلۆژییە تۆتالیتارەدا بچینەوە کە تیرۆرستان دەیانەوێ لە نێوماندا بڵاوی بکەنەوە و لە بەرامبەر ئەوەدا دەبێ باوەشی فرە ڕەنگی و فرە دەنگی بکەینەوە و پەرە بە کلتوری دەوڵەمەندی قەبوڵکردنی جیاوازییەکان بدەین. پیش هەموو جۆرە شوناسێکی ئیتنی و ئاینی ئەمڕۆ زیاد لە هەر شتێکی دیکە پێویستیمان بە قوڵکردنەوەی شوناسیی مرۆڤبوون هەیە، چونکە زەرەرمەندی یەکەم  و سەرەکیی ئەم کردەوانە شەخسییەتی مەعنەوی  ئەو شوناسەیە کە هەموومان کۆدەکاتەوە و پێی دەگوترێت شوناسی ئینسانیی.


ئەو هاوڵاتییە فەرەنسییانەی ئەمڕۆ دەبنە قوربانی ئەو کردەوە تیرۆرستیانە، دوێنێ موسوڵمانە شیعە مەزهەبەکانی  بەیروتی پایتەختی لوبنانی کردە ئامانج و ڕۆژێکی دیکە سوننەکانی عێراق، قوربانییەکانی دەستی ئەم ڕوداوە تیرۆرستیانە پێش ئەوەی هیچ شوناسێکی دیکەیان هەبێ مرۆڤن. مرۆڤایەتی ئەمڕۆ پێویستی تەواوی بە دەربڕینی هەست و سۆز هەیە بەرامبەر ئەو ئازارانەی کە ئەمڕۆ لە هەر چوار لاوە تەوقیان داوە  بەبێ لەبەرچاو گرتنی هیچ شوناسێکی ئیتنی و ئاینیی، مەحاڵە دوور لەم تێڕوانینە شارستانییەتی مرۆڤایەتی بتوانێ هەنگاوێکی زیادتر بەرەو ئایندە بنێ.


 


وەک موسوڵمان ئەمڕۆ پێویستە خۆمان لە تیۆری موئامەرە '' نظریە مئامرە'' دوور بخەینەوە و ئازایانە ئازادانە  ڕووبەڕووی کێشەکانمان ببینەوە و پەنجە لەسەر هەڵەکانمان دابنێن و پێداچوونەوە و لێپرسینەوەیەکی شێلگیرانەی خۆمان بکەین کە داخۆ: ئەوە ئەو  مەیلەیە کە بۆ ئیستیبداد هەیە،  یا ئەوە ئەو توندووتیژییە فیزیکیانەن،  یاخود گرنگی نەدانە بە گەنجان و نەبوونی پەروەردەیەکی تەندرووستە بۆیان بوونەتە هۆکاری تۆتالیتاریزەکردنی زیهنییەتی دەستەجەمعی کۆمەڵگاکەمان و گۆڕینی  بۆ چەند گرووپێکی  خاوەن زیهنییەتی تۆتالیتاریانە؟ ئایا نەبوونی مافە سەرەتایی و ئازادییە کەسییەکان و سەرەوەر نەبوونی یاسا  و نەبوونی بیر و هزرێک کە هەموو کەس وەک خۆی قەبووڵبکات هۆکارن بۆ دروستبوونی کەش و زەمینەی نائومێدی و بە لاڕێدابردنی کەسانی دیکە بۆ بیرکردنەوە و هەلسوکەوتی جیاواز؟


ڕووداوە تراژیدییەکانی ئەم دواییەی پاریس جارێکی دیکە پێی وتین هەرچەندە ئەم ڕوداوانە وا دەردەکەون لە ژێر پەردەی ئایندا ئەنجام درابن و پاساوی ئاینییان هەبێ ، بەڵام دەبێ چ زانایانی موسوڵمان چ موساڵمانانی عەوام بێ هێنانەوەی هیچ پاساوێک بە گژ ئەم کردەوە تیرۆرستییە خوێنپژێنانەدا بچنەوە و بێ هیچ چەند چوونێک بەر نەفرەتی بدەن. لە دۆخێکی وەهادا بە تەنها ئیدانە کردن و بە گژدا چوونەوە بەس نییە و کۆمەڵگا موسوڵمانەکان بۆ ڕێگەگرتن لە فریوخواردنی گەنجەکانیان لەلایەن تیرۆرستانەوە دەبێ دامەزراوە دەوڵەتییەکان شانبەشانی سەرکردە و پیاوانی ئاینی و ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە یەک عەقڵ و یەک لۆژیک هەنگاوەکانیان بۆ بەرگرتن لەم دیاردە نەخوازراوە چڕ بکەنەوە و ڕووبەڕووی بوەستنەوە، هەموو ئەو فاکتەر و زەمینەسازییانە لەبەرچاو بگرن کە تیرۆرستان سوودی لێوەردەگرن، لەبەرامبەر ئەمەدا لە هەوڵی دانانی پلان و پڕۆژەی گشتگیرو دەستەجەمعیدا بن بۆ کۆمەڵگا.


دەبێ پێشوەخت ئەو بۆشاییانە دەستنیشانیان بکەین کە گەنجان تێی دەکەون و دواتر بەرەو هەڵدێر و نشێوەکان دەیانبات ، ئەمەش لە ڕێگەی خزمەتکردنیان  بە ڕاوێژ کردن لەگەڵ خێزانەکانیان و فەراهەم کردنی ژێرخانی بەهێز تۆکمە بۆیان. دەبیت وەک هاونیشتمانیی بچینە نێو  پەیوەندی و پەیمانێکی پۆزەتیڤ بەرامبەر ئەو دەوڵەتەی کە تێیدا نیشتەجێین، و بۆچوونی خۆمان سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەسەر مێزەکانی لێکۆڵینەو و گفتوگۆ بەیان بکەین. گەنجەکانمان بار بێنین لەسەر بەیان کردن و دەربڕینی بۆچوونەکانیان لە ڕێگا دیموکراتییەکانەوە. ئاشنا کردنی خوێندکاران بە بنەما و تێرمە دیموکراتییەکان هەر لەسەرەتای چوونە بەر خوێندنیان و ئامادەکردنیان بۆ بوون بە خاوەن جیلێکی  زیهنییەت تەندروست و تەبا لە داهاتوودا.


لە هەموو قۆناغێک لە قۆناغە مێژوویەکان لە دوای ئەم ڕوداوە تراژیدیانە بۆچوونی زۆر جیاواز و سنووربەزێن هاتوونەتە مەیدان. هەموو ئەو بۆچوون و دەربڕینە دژانەی کە بەرامبەر موسوڵمانان و ئاینەکەیان گیراونەتە بەر و  شانبەشانی ئەو مامەڵە ئەمنییەتی و پۆلیسییەی کە  لەلایەن ئەو دەوڵەتەوە بەرامبەر موسوڵمانان گیراوەتە بەر زیانەکەی لە سوودەکەی زیاتر بووە. موسوڵمانانی ئەوروپا ئاواتەخوازی ژیانێکی لێوانلێو لە ئاشتی و کامەرانین. سەرباری بوونی ئەو ئاتمۆسفێرە نالەبارەی ئەمڕۆ بۆ موسوڵمانانی ئەوروپا هاتووەتە پێش، موسوڵمانەکان دەبێ لە ڕێی پەیمانێکی توندوتۆڵترەوە هاوشان و شانبەشانی ئەو دەوڵەتانەی کە تێیدا نیشتەجێن بەشدار بن لە بەدیهێنان و خولقاندنی سیاسەتێکی کراوە کە تێیدا موسوڵمانان باوەشی زیاتر بۆ کۆمەڵگەکانیان بکەنەوە و   بچنە نێو پەیوەندییەکی تووندوتۆڵتر لەگەڵیدا و  زیاتر هەولی تێکەڵ کردن و دروستکردنیی پەیوەندیی لە نێوان هاوئاین و کۆمەڵگاکانیان دروست بکەن.


وەک موسوڵمان دەبێت جارێکی دیکەو بە لەبەرچاو گرنتی ئەو سەدەیەی کە تێیدا دەژین و خوێندنەوەی ئەو کاتەی کە تێیداین تێگەیشتنی جیاواز و  تایبەت بە سەدەکەی  خۆمان   بۆ ئیسلام و پراکتیکردنی و تەفسیری ئەو دەقانەی کە ڕووبەڕوومان دەوەستنەوە هەبێت. ئەمە بە واتای بچڕان و دابران لە پرەنسیپە گشتییەکانی ئیسلام نایەت، بە پیچەوانەوە بەواتای دەرککردن بەو لادانانە دێت کە تووشیان دێین و زیاد لەوەش بە دەرککردنی ئەو  لادانانە  دەتوانین باشترین شوێنکەوتەی سەلەفی صالحین بین و جارێکی دیکە توانای بەخشینی  واتاو تەفسیری نوێی تەبا بە ڕۆحی دەقەکانی قورئانی پیرۆز و   فەرموودەکانمان پیدەبەخشێتەوە. دەبێ ئەو بۆچوونانە بە هەند وەرنەگیرێن کە دەقە ئاینییەکان لە سیاق  و سیباقی 'پێش" خۆیان دادەبڕێت و  مەبەستی تایبەتی دیکە بەهاریان دەهێنێ. دەبێ زانایانی ئیسلام ، ئەربابی فیکر و ڕۆشنبیران هەوڵ بدەن ئاڕاستەی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە ئاین بۆ تێگەیشتنێکی گشتگیر و هەمە لایەن ئاڕاستە بکەن و سەرچاوەکانیشی دیاری بکەن.  دەبێت جارێکی دیکە چاو بەو  حوکم و فەتوایانەدا بخشێندرێتەوە کە لە ڕابردوودا و لە سەردەمیکدا دراون کە بەردەوام  پێکدادان و دەرچوونی سیاسی و ئاینی هەبوون. باوەڕ هێنان بە هەندێ بنەماو پرەنسیپی سەرەتایی ئەساسی ناکاتە ئەوەی بەرامبەرەکە بە کەسێکی دۆگما تێبگەی. دووبارە کردنەوەی  ئەو ڕێنیسانسەی کە موسوڵمانان لە فەترەیەکی مێژوویدا تێیدا ژیاون و باوەڕیان بە ئازادی فیکر و  بیرکردنەوە هەبووە لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستگۆ بوون بەرامبەر ڕۆحی ئاین کارێکی مومکینەو بگرە پێویستیشە. تەنها لەم ڕێگەیەوە و لە کەشێکی لەم شێوەیەدا  دەتوانین بەگژ ئەوانەدا بچینەوە کە هانا بۆ توندوتیژی، بیری رادیکالیزم  وتیرۆر دەبەن.


بەدەاخەوەم لە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییە دەبینم هەندێ کەس سەرلەنوێ و جارێکی دیکە بانگەشە بۆ پێکدادانی شارستانییەتییەکان دەکەنەوە. ناتوانم لەوە تێبگەم داخۆ ئەوانە یەکەمجار جاڕی ئەم بانگەوازە ترسناکەیان لێدا وەک پێشداوەڕییەک ئەمەیان ڕاگەیاند یا وەک ڕەچەتەیەک بۆ دەستنیشانکردنی ئاڵۆزی و نەخۆشییەک کە دەشێت لە داهاتوودا ڕووبدات، ئەڵام هەموومان دەبێ باش لەوە تێبگەین کە ئەم جۆرە لێدوان و قسەکردنانە لە ئاوکردنە ئاشی تیرۆرستان زیاتر شتێکی دیکەمان پێ ناڵێت. دەمەوێ زۆر بە ڕوونی بڵێم: ڕووبەڕوو وەستانمان لەم کاتەدا زیاد لە پێکدادانی مەدەنییەت و شارستانییەک عیبارەتە لە پێکدادانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی و بەربەریزم.


وەک هاونیشتمانیی موسوڵمان ئەمڕۆ ئەگەرچی بەرپرسیارییەتییەکی گەورەو گران ڕوی لێ ناوین ،بەڵام نابێت ئەوە لە یاد بکەیین کە دەبێ بەشێک بین لە چارەسەر.  موسوڵمان ئەمڕۆ دەبێ داکۆکیکارێکی سەرسەختی ماف و ئازادییەکان بێت، گەر ئاشتی و کامەرانی ئەوانی دیکەمان دەوێت دەبێت   بە بێ گوێدانە  بیروباوەڕی ئاینیی دەبێت لە لایەنە جیاوازەکانی سیاسی ، ئابووروی ، کۆمەڵایەتیی، ئاینی و هەموو ڕەهەندە جیاوازەکانی دیکەوە ڕووبەڕووی تیرۆر ببینەوە و لێی ڕاپەڕین.


وەک موسوڵمان دەبێت سەرلەنوێ ژیانی خۆمان بەڕەهەندە جیاوازەکانی بەها نەمرو باڵاکان دیزاین بکەینەوە، وڕووبەڕووی  هەموو  جۆرە تەفسیر و تەئویلێکی ڕادیکاڵیانە ببینەوە  ئاگاداری ئەو مەترسیانە بین کە ئەمجۆرە لە خوێندنەوە بۆ  دەق ڕووبەڕووی گەنجانی دەکاتەوە، و لەوەش زیاتر دەتوانی لە ڕێگای ئاشناکردنی نەوەکان هەر لە تەمەنێکی سەرەتاییەوە بە بەها بەرزەکانی دیموکراسی ڕووبەڕووی تیرۆر و ئەو ئایدۆلۆژیا تۆتالیتارە ببینەوەکە تیرۆر پشتی پیدەبەستێت.