کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بەشێکی نوێ دەکاتەوە

بۆ ساڵی خوێندنی ئەمساڵ 2016-2017 کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بەشی وتارخوێنی دەکاتەوە، واتە پێشتر سێ بەشی هەبوو کە بریتی بوون لە بەشەکانی (شەریعە، خوێندنی ئیسلامی، بنەماکانی ئایین) بەلام بۆ ئەمساڵ بەشی وتارخوێنیش زیاد کراوە.


لەو بارەوە دکتۆر محمد شاکر راگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەلاحەدین بۆ سایتی زانایان روونی کردەوە کە، قوتابیانی دەرچووی ئامادەیی ساڵانی 2014-2015 و 2015 – 2016 دەتوانن راستەوخۆ سەردانی کۆلێژ بکەن و فۆڕمی وەرگرتن پڕ بکەنەوە، بە مەرجێك تەمەنی قوتابییەکە لە (٣٠) ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها نمرەی زمانی عەرەبی لە (٦٠) کەمتر نەبێت، هەموو بەشەکانی (زانستی و وێژەیی و پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی) مافی پێشکەشکردنیان هەیە.


ئەوەی خاڵی گرنگە وەك دکتۆر محەمەد باسی کرد، قوتابییەکان لە کۆلێژی شەریعە موقابەلەیان لەگەڵ دەکرێت تا ئاستی زاستی قوتابییەکە بزاندرێت تا لەو بەشە سەرکەوتوو بێت، دوای تاقیکردنەوەکە کە (40) لەسەرەو نمرەکانی پۆلی شەشەمیش (60) لەسەرە، ئینجا دەخرێنە پێشبڕکێوە. هەروەها پڕکردنەوەی فۆڕم لە (27/7/2016) دەست پێدەکات تاکو (27/8/2016)، تاقیکردنەوەکەو چاوپێکەوتنەکە لە (28/8/2016) تاکو (1/9/2016) ئەنجام دەدرێت.

لە کۆتاییدا تەئکیدی کردەوە ئێمە دەمانەوێت کەسانی پسپۆڕ و شارەزا پێبگەیەنین تا خزمەتی ئاین و خاك و ولات و نیشتیمانمان بکەن، ئەمەش بە ئەرکێکی سەرەکی کۆلێژەکەمان دەزانین. 


یەکێتی زانایان لەوبارەوە دەستخۆشی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو کۆلێژی زانستە ئیسلامیییەکان دەکات، لەو بارەوە دکتۆر عەبدوڵا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان بۆ سایتی زانایان دەڵێت: پیرۆزبایی ئەم هەنگاوەیان لێدەکەین و جێگەی دەستخۆشییە، چونکە ئێمە وەك یەکێتی زانایان هەر لە دوای کۆنگرەی پێنجەمەوە یەك لە کارە سەرەکییەکانمان بریتی بووە کۆلێژێکی تایبەت یان بەشێکی تایبەت بە وتارخوێنی بکرێتەوە، چونکە لەم قۆناخەدا پێویستمان بە وتارخوێنی پسپۆڕ هەیە، کە کردنەوەی ئەم بەشەو وەرگرتنی قوتابیان لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن هەنگاوێکی گرنگە بۆ چاککردنی ئەم لایەنە.