ئاڵای كوردستان لە وڵاتی ئوردەن لە ریزی ئاڵای وڵاتانە

سەنتەری ئیمامی شافعی لە وڵاتی ئوردەن، كە بە یەكێ لە سەنتەرە كاریگەرو دیارەكانی ئەو وڵاتە ھەژمار دەكرێ و چالاكی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدات، لە خولێكی تازەیدا كە لە 6-11/8/2016 بەرێوە دەچێت، ئاڵای كوردستانی خستۆتە ئاستی ئاڵای وڵاتانی ترەوە..



ئەو ھەنگاوە بە مەبەستی سازكردن و كردنەوەی خولی نێودەوڵەتیە بۆ 8 لە وڵاتانی ئیسلامی بە ھەرێمی كوردستانیشەوە، كە ئامانجیانە لەسەر پرسە گرنگ و ھەستیارو ھاوچەرخەكان دیالۆك بكەن و كۆدەنگی ولاتانی ئیسلامی بۆ دروست بكەن.



خۆشبەختانە ئەو ھەنگاوە دوای چالاكی و ھەوڵە بەردەوامەكانی یەكێتی زانایان بە تایبەتیش خودی سەرۆكی یەكێتی زانایان (دكتۆر عەبدوڵڵا ملا سەعید) دێت، كە لە ماوەی كاركردنی ھەوڵی زۆری دا بۆ كردنەوەی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی ئیسلامی..



ئوردەن وە سەنتەری ئیمامی شافعی یەكێكە لەو وڵات و ناوەندە ئیسلامیانەی لە رێی یەكێتی زانایانی ھەرێمەوە بایەخێكی زۆری بۆ كوردستان داناوە، بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا چەندین مامۆستای ئایینی بەژداری ئەو خولانەیان كردووە، كە سەنتەری ناوبراو لە وڵاتە جیا جیاكانی كردۆتەوە..



بەناوی یەكێتی زانایانەوە وێرایی دڵخۆشی زۆرمان بەو ھەنگاوە، دەست خۆشی زۆریش ئاراستەی سەنتەری ئیمامی شافعی لە ئوردەن، بەتایبەتی زانای ناودارو سەرپەرشتیار ( دكتۆر شێخ سەمیر موراد شوابكە) سەرۆكی سەنتەری ناوبراو دەكەین..



بێ گومان ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە ریزی ئاڵای وڵاتان ھەنگاوێكی كەم نیە بۆ ئێمەی كورد، لە كاتێكدا تا دوێنێ بگرە ئەمرۆش زۆرێك لە وڵاتان بە عیراقیشەوە پێیان رەوا نەبووەو نیە ئاڵایەك بەو ناوەوە ھەبێت!


 


ھیودارین ھەرێمی كوردستان لەو قەیرانە رزگار بێت و لایەنە سیاسیەكانیش بكەونە خۆ بۆ یەكبوون و یەك ھەڵوێستی و كاركردن بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان و بەرزتركردنەوەی سەروەری ئاڵای كوردستان.