شێخ سەید تەهای نەقشەبەندی کۆچی دوایی کرد

دوێنێ 9/10/2016 شێخ سەید تەهای نەقشبەندی کۆچی دوایی کرد.


شێخ سەید تەها کەسایەتییەکی دیارو گەورەو ناسراوی کورد بوو، لە بواری رێبازی تەسەوف و تەریقەتدا پێگەو مەکانەتێکی گەورەی هەبوو، بە هەزاران مورید لەسەر دەستی ئەو شێخە تۆبەیان کردبوو، عەهدو پەیمان و تەمەسوکی تۆبەیان بەستی بوو، کە هەموو کاتێك دەنگ و سەدای ئەو موریدو تۆبەکارانە لە ماڵ و خانەقاو هەواری ئەم شێخ دەنگی دەدایەوە، کە خانەقاکەی وێڕای دیندارییەکەی، تەبعێکی هەستبزوێنی هونەری رەسەنیشی هەبوو، کە هەمیشە دەنگی سەرنجراکێشی ئاوازە رەسەنە کوردییەکان لەگەڵ دەنگی دەف و هەناسەی موریدەکان دەزرنگایەوەو، هەست و ناخی مرۆڤەکانیان رادەکێشا.


لەلایەکی تریشەوە خانەقای جەنابی شێخ سەید تەها لە شاری ورمێ (رەزایە) هەمیشە ماڵی هەموو کەسێك بوو بەبێ جیاوازی زمان و نەتەوەو جوگرافیا، بەتایبەتی ئەو کوردانەی بۆ نەخۆشی و پێداویستی روویان دەکردە ئەم شارە، هەمیشەو بەبێ لە دەرگادان و داواکردن لەو ماڵە دەچوونە ژوورەوەو چەند رۆژ وشەو دەمانەوەو خزمەتیان دەکرا بەبێ ئەوەی کەسێك پرسیاری هاتن و ناسینیان لێ بکات. بۆیە ئەو خانەوادە رێزدارە هەموو هێزی مادی و مەعنەوی خۆیان بۆ خزمەتی هەژاران و دەرەتان و پەڕاگەندان تەرخان کردبوو. بۆیە وەفاتی شێخ دڵی هەمووانی خەمبار کردو، فرمێسکی لە چاوی هەموو ئاشنایان باراند.


شایانی باسە خانەوادەکەیان لە هەردوو کوردستانی باشوورو رۆژهەڵات هەن، بەتایبەتی کە زۆربەیان خەڵکی گوندی خەلانی دەڤەری باڵەکایەتین، لە خوای گەورە داواکاتین بە گەورەیی مەرحەمەتی خۆی پێشوازی لە رۆحی پاکی جەنابی شێخ بکات و، بە ناوی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پرسەو سەرەخۆشی کەس و کارەکەیان دەکەینو، لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە سەبووری تەواوی موریدو ناسیاوو دۆستانی بدات، بەتایبەتی خانەوادە بەڕێزەکەیان.


إنا لله وإنا إلیه راجعون