شارى مه‌ككه‌ى پيرۆز: سه‌رۆكى يه‌كێتى زانايان به‌ ياوه‌رى شاندێكى باڵاى وه‌زاره‌تى ئه‌قاف سه‌ردانى ڕابيته‌ى جيهانى ئيسلامى و په‌يمانگاى ڕاهێنانى وتاربێژان ده‌كات

ڕۆژى پێنجشەممە 24/8/2017 لەشارى مەککەى پیرۆز و به‌ياوه‌رى شاندێكی باڵاى وەزارەتى ئەوقاف وکاروبارى ئایینى هه‌رێم؛ به‌ڕێز دكتۆر عه‌بدوڵڵا گرتکى سەرۆکى یەکێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان، سەردانى رابیتەى جیهانى ئیسلامى و پەیمانگاى راهێنانى وتارپێژانى کرد و لەلایەن بەرێز دكتۆر "سعد الشهرانى" ئه‌ميندارى گشتى رابيته‌ى جيهانى زانايانەوه‌ به‌گه‌رمى پێشوازیان لێکرا.


ئه‌مه‌و سه‌ره‌تاى دانيشتنه‌كه‌؛ له‌لايه‌ن بەرێز سه‌رۆكى يه‌كێتى زانايان وته‌يه‌ك پێشكه‌شكراو تيايدا باسى له‌ پەیوەندى لە مێژینەى گەلى کورد و عەرەبستانى سعودی كرد، هەروەها کورتەیەکى لەبارەى مێژووى گەلى کورد باسکرد و ئاماژەی بەو نەهامەتیانەدا کە بەسەر کورد هاتووە، لەبەشێکى ديكه‌ى وتەکانیشيدا؛ ئاماژەی به‌ پرۆسەى ریفراندۆمى گەلى کوردستاندا کە لە 25ی ئەیلول بەرێوەده‌چێ، تیایدا گەلى کوردستان چارەنووسى ئایندەی خۆی دیارى دەکات.


لە بەرامبەردا به‌ڕێز "سعد الشهرانى" ؛ وێراى بەخێرهاتنى گەرمى شاندی مێوان بۆ وڵاتى عەرەبستانی سعودی و حەجى پیرۆز؛ بەخێرهاتنى حاجیانى کوردستانى کرد و هیواى خواست کە هەموو حاجیان بەسەلامەتى بگەڕێنەوە ناو کەسوکاریان. بە شاندی میوانیشى راگەیاند: کە زانیاریەکى وردى لەسەرگەلى کورد و مێژوو و بەرخودان و قارەمانیەتى گەلى کورد هەیە و گوتيشى: ئێوە گەلێکى ئازان و شانازى بکەن نەوەى سه‌لاحه‌ددین ئەیوبین و هیواى سەرکەوتنیشى لەداهاتوودا بۆ خواستن، هەروەها ئاماژەیدا کە دواى پرۆسەى ریفراندۆم سەردانى کوردستان دەکات و پەیوەندیەکى پتەوتر و بەهێزتر لەگەڵ گەلى کوردى برا دروست دەکەن.


شايه‌نى باسه‌؛ شاندى باڵاى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافى هه‌رێم پێکهاتبون لە بەرێزان: د.دیار عزەددین جه‌بارى بەرێوەبەرى گشتى گارگێرى و دارایى به‌ وه‌كاله‌ت و بەرێز فه‌ره‌یدون غریب بەڕێوەبەرى گشتى ئەوقافى پارێزگای سلێمانى و ئه‌کره‌م سه‌عید یاریدەدەرى بەرێوەبەرى گشتى حه‌ج و عومره‌ و شه‌مسه‌ددین تاهیر بەرێوەبەرى حەجى پارێزگای دهۆک.