شێخ تاريق ئه‌لسوێدان: كورد؛ گه‌لێكى سته‌مديده‌يه‌ و سه‌پاندنى ئابڵوقه‌ى ئابوورى به‌سه‌ريانه‌وه‌ جائيز نيه‌

شێخ تارق ئه‌لسوێدان، بیرمەند و بانگخوازی دیاری کوەیتی و جیهانی ئیسلامی پەیامێکی لەبارەی گشتپرسیی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، کورد بەدرێژایی مێژوو ستەمی زۆریان لێکراوە، ئێستاش گەمارۆ خستنەسەریان  رێگەپێدراو نییە.

لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، شێخ د. تارق ئه‌لسوێدان دەڵێت "کورد گەلێکی بەخشندەیە، بەدرێژایی مێژوویان ستەمی زۆریان لێکراوە، سەرەڕای ئەوەی قوربانی گەورەیان بۆ ئوممەتی ئیسلامی داوە، پاڵەوانی چاونەترسی وەک سەلاحەدینی ئەیوبی-شیان هەبووە، خودا لێی خۆش بێت".

ئەو بانگخوازە ناسراوەی جیهانی ئیسلامی ئاماژەشی بە دابەشکردنی کوردستان کردووە لەنێوان وڵاتانی عێراق، تورکیا، ئێران و سووریا.

د. تارق ئه‌سوێدان دەڵێت، کورد پەنایان بۆ دەنگدان برد لەسەر بنەمای سەربەخۆیی، (نەک راگەیاندنی سەربەخۆیی بە کردار)، بۆ ئەوەی جیهان لە دۆخی ژیان و مافەکانیان ئاگادار بکەنەوە، ئەوەش دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و زیادبوونی ستەم و زوڵم دژیان. "ئێستاش پێموایە راگەیاندنی گەمارۆ دژیان رێگەپێدراو نییە (هەروەک چۆن گەمارۆ دژی غەززە و قەتەر رێگەپێدراو نەبوو).. ئەوە زیان بە گەلان دەگەیێنێت و رق و کینە دەچێنێت".

سەبارەت بە چارەسەری کێشەکان، د. تارق ئه‌لسوێدان دەڵێت، چارەسەر لە گفتوگۆدایە کە بنەماکەی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی وڵات دەستەبەر بکات، وڵات بە بەهێزی بهێڵێتەوە و مافی گەلان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بچەسپێنێت نەوەک فەرزکردنی ئیرادە بەسەریاندا.