بەیاننامەی یەکێتی زانایان بە بۆنەی ٤۸ ساڵەی دامەزراندنیەوە

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان


 


زانایانی قەدر گران


کوردستانیانی ئازیز


بەبۆنەی تێپەڕ بوونی ٤۸ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانەوە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی تەواوی زانایانی بەڕێزی ئایینی و دۆست و لایەنگرو کوردستانیان دەکەین.


یەکێتی زانایان وەک رێکخراوێکی پیشەیی له‌ 21/9/1970 لەهەل و مەرجێکی تایبەت و لە پێناو خزمەتی ئیسلام و زانایانی قەدرگران له‌ شارۆچكه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی، له‌ سایه‌ی حوكمڕانی گه‌لی كوردستان و له‌ژێر ئاڵای كوردستان دامه‌زرا، کە بووە چەترێکی کۆکەرەوەو پیشاندەری رۆڵ و کاریگەری پێگەی مەلاو زانایانی ئایینی لە کوردستاندا.


بەڕێزان:


لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیەکەماندا جارێکی تر سووربوونی خۆمان رادەگەیەنین له‌ بەردەوامبوون بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیشەیی و ئایینی و نیشتیمانی و نەتەوەییانەی رێکخراوەکەی بۆ دامەزراوە، بەتایبەتی لەو قۆناغە هەستیارەدا، کە کوردستان و ناوچەکە بەدۆخێکی هەستیارو بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمان و کەشێکی تازەی حوکمڕانی هەنگاو دەنێت.


بۆیە لێرەوە دەخوازین ئەم پرۆسەیە هێمنانەو بە ئارامی و بێ کێشەو نەزیهانە بەڕێوە بچێت و هەموو لایەک بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی لەبەر چاوو بگرن و لە هەوڵی ئەوە دابن برایەتی و تەبایی نێو ماڵی کورد رابگرن و خەمی ئایندەی گەل و گوزەرانێکی شایستەتر بۆ هاوڵاتیان لەسەرو هەموو بەرژەوەندیە کەسی و حزبیەکانەوە دابنێن.


دووپاتی ئەوەش دەکەینەوە، کە بە هەموو تواناو هەوڵێک لە خزمەتی زانایانی بەڕێزی ئایینی و بەرپرسیارێتی قۆناغەکە دادەبین، پشت بە خوای گەورەش بەم زووانە بەگوڕوتینێکی تازەتر کار لە پێناو کۆی ئەو راسپاردەو بڕیارانە دەکەین، کە لە کۆنگرەی شەشەمی یەکێتیەکەمان پەسند کراوە.


دووبارە ئەم یادە لە هەموو لایەك پیرۆز دەکەین و، بە هیوای ئاییندەیەکی سەرفرازو پڕ لە ئاشتی و برایەتی بۆ کوردو کوردستان.


 


یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان


21/9/2018