هەولێر: کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئەنجام درا

ئەمرۆ چوارشەممە ۳ی٤ی۲٠۱۹ بە ئامادەبوونی بەڕێز د. عەبدوڵڵا مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و جێگرو ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە بارەگای سەرەکی لە شاری هەولێر ئەنجام دا.


کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کۆمەڵێک پرسی گرنگ و پیشەیی و هەڵسەنگاندنی رەوشی زانایانی ئایینی و چۆنیەتی پاراستنی پیگەی مینبەرو مزگەوت و زانایان.


سەرەتای کۆبوونەوەکە دەست خۆشی ئاراستەی ئەو لقانە کرا، کە لە ماوەی رابردوو رۆڵیان هەبووەو چالاکی پیشەییان ئەنجام داوە.


دواتر باس لەوە کرا کە پێویستە لقەکانی یەکێتی زانایان بکرێنە ناوەندێکی رۆشنبیری و جێی گەنگەشەی پرس و بابەتی فیقهی و ئایینی و سەردەمی بە ئامانجی بەرەو پێش بردنی ئاستی رۆشنبیری زانایان و نزیککردنەوەیان لە یەکتری.


هەروەها لە بەشێکی تری دانیشتنەکە باس لە بایەخ و گرنگی وتاری هەینی کراو واش بە باش زانرا، کە رۆژانی چوارشەممەو پێنجشەمە وتاربێژان لەدەوری یەکتر کۆببنەوەو تاوتوێی بابەت و خاڵە گشتی و پێویستەکانی وتاری هەینی بکرێت.


هەروەها باس لەوە کرا کە پێویستە لقەکانی یەکێتی زانایان پیگەو چوارچێوەی کاری رێکخراوەیی بپارێزن، بەتایبەت لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پێشهات و بابەتە فکری و مەزهەبیەکان هەستیارانەو بەرپرسانە مامەڵە بکەن.


تیشک خرایە سەر ئەوەش کە لقەکانی یەکێتی زانایان دەبێ هەماهەنگی یەکتر بن و بە نەفەسی تەواوکاری و پشتیوانی یەکتر کار بکەن.


بەشێکی تری دانیشتنەکە تایبەت بوو بە ئامادەکاری پێشوازی مانگی پیرۆزی رەمەزان و خستنە رووی کۆمەڵێک بەرنامەو رێنمایی تایبەت بەو بۆنەوە.


دواتر دەرگا کرایەوە بۆ بەرپرسی لقەکان بە مەبەستی خستنە رووی راو و سەرنج و پێشنیاریان و ئەو کارانەی ئەنجامیان داوە لە رابردوو.


لەدواییشدا سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاسی مەکتەبی تەنفیزی گەیاندە بەرپرسی لقەکان لەسەر کارەکانیان و هەروەها سوپاسی تایبەتی ئاراستەی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی ئەوقاف کرد کە لە ماوەی رابردوو هاوکاری و هەماهەنگی لقەکانی یەکێتی زانایان بوونە.


شایەنی گوتنە کۆبوونەوەکە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاندو کۆمەڵێك پرس و بابەتی دیکەی ناوخۆیی و پیشەیی و گرنگ باسی لێوە کرا.