بۆچی خورما بۆ رۆژوەوانان گرنگە؟

شكاندنی رۆژو بەخورما جگە لەوەی سونەتە، بەڕای پسپۆڕانی تەندروستیش بەهۆی بوونی چەندین مادەی سوود بەخش لە پێكهاتەكەیدا، سوود بە تەندروستی لەشی رۆژوە‌وان دەبەخشێت.


خورما، یەكێكە لەو ڕووەكە شیرینانەی لە ناوچە گەرمەكاندا دەڕوێت و كەسانێكی زۆر حەز بە خواردنی دەكەن بە تایبەت لە مانگی رەمەزاندا، پسپۆڕانی تەندروستی چەندین توێژینەوەیان لەسەر ئەم ڕووەكە ئەنجامداوەو چەندین سوودیان بۆ لەشی مرۆڤ ئاشكرا كردووە.


توێژینەوە پزیشكییەكان سەلـماندویانە لەكاتی رۆژو شكاندندا لەشی رۆژوە‌وان شەكر لە لەشیدا كەمە ئەمەش وادەكات هەست بە لاوازی و كەم توانایی بكات، بەڵام بە خواردنی چەند دەنكێك خورما، ئاستی شەكری خوێنی ئاسایی دەبێتەوەو وزەو تواناش بۆ لەشی دەگەڕێتەوە.


خورما بەهۆی زۆری مادە كانزایەكان تێدا سودێكی زۆر باشی بۆ تەندروستی هەیەو ئەوەش وای كردووە بۆ چارەسەركردنی چەندین نەخۆشی بەكاربهێنرێت.


توێژینەوە پزیشكییەكان دەریانخستووە كە خورما بڕێكی زۆر لە ڤیتامین ئەی لە‌پێكهاتەكەیدایە ئەمەش، سوودێكی زۆر بەچاو دەگەنێت و مرۆڤ لە ئەگەری توشبوون بە شەوكوێری دەپارێزێت.


هەروەها ئەو ڤیتامین (B1) لە پێكهاتەكەیدایە، سوود بە دەمارەكانی مێشك دەگەیەنێت و بە هێوركەرەوەی مێشك و دەرون دادەنرێت، هەروەها یارمەتی بەهێز كردنی ماسولكەكان دەدات.


ڤیتامین (بی 2) یارمەتی چاڵاك بوونی جگەر دەدات و بۆ ئەو كەسانە بەسوودە كە بەدەست كێشەكانی جگەرو زراویان هەیە.


جگە لە ڤیتامینەكان خورما چەندین ماددەی كانزای تێدایە وەك كالیسیۆم و مس و مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و فسفۆر و سودیۆم و فلۆر، ئەم مادانەش بۆ بەهێزكردنی ددانەكان بەسودە‌و رێگرە لە كلۆربوونی دەگرێت.


پسپۆڕە خۆراكیەكان باس لەوە دەكەن خورما سودی بۆ ئەو كەسانە هەیە كە كەمخوێنن و رێژەی ئاسن لە خوێنیاندا كەمەو كێشەی تەندروستی گەدەو ڕیخۆڵەكان هەیە كرداری هەرسكردن ئاسان دەكات و لەش بە ژەهرو ماددەی زیان بەخش پاكدەكاتەوە.