یەکێتی زانایان سەبارەت بە بەرنامە ئایینەکان روونکردنەوەیەك بڵاو دەکاتەوە

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان


لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان زۆرێک لە کەناڵەکان بەرنامەی ئایینی پێشکەش دەکەن و زۆرێکیش لە مامۆستایانی ئایینی بەژداری بەرنامەکان دەکەن، کە تا ئێرە جێی دەستخۆشی و پێزانینە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکەین هەندێ جار بابەت و بەرنامەکان ئامانجی خزمەتکردن ناپێکن و بگرە دەبنە مایەی دروستکردنی ئاڵۆزی و دڵەڕاوکێ و وروژاندنی هەندێ شت، کە لەگەڵ سروشتی کۆمەڵگەو چوارچیوە کۆمەڵایەتیەکان یەکناگرێتەوە، ئەمەش نیگەرانی بەدوایخۆیدا دێنێت و هاوڵاتیانیش ناگەنە هیچ درەنجامێکی روون و یەکلاکەرەوە.


لەو سۆنگەوە بە پێویستمان زانی بۆ راگەیاندنەکان و بەتایبەت بەرچاو روونی مامۆستایانی بەرێزی ئایینی ئەو پەیامە بگەیەنین:


یەکەم: تکا دەکەین لە دەزگاو کەناڵەکانی راگەیاندن بەتایبەت بەرنامەکانی ئایینی بەئاراستەی واقعی کۆمەڵگەی کوردی و بەرەچاوکردنی هەستی دینداری و پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی خزمەت بکەن، شتێک نەوروژێنن لەجیاتی خزمەت ببێتە هۆی نیگەرانی و کاردانەوەی نێگەتیڤ و ناتەندروست، ئەمە لە کاتێکدایە ئێمەی کورد هیچ کاتێك گرفت و کێشەو ئاریشەی ئایینیمان نەبووە، کێشەی ئێمە لەگەڵ بیری تووندڕەوی بووە، بۆیە ناکرێ ئایین کە مایەی ئارامی کۆمەڵگەیە بکرێتە ئامانج و نیگەرانی دروست بکات.


دووەم: پێویستە مامۆستایانی ئایینی لەکاتی بەژداری کردنی بەرنامەکان رەچاوی لایەنی پیشەیی و پێگەیان بکەن و بەپێی پێوەرە گشتی و پەیوەستەکانی کاری مەلایەتی لە گەیاندنی پەیام و رێنمایی و ئەحکامە جوانەکانی ئیسلام بەو ئاراستە زانستیە هەنگاو بنێن کە گەورە زانایانمان چوارچێوەیان بۆ دارشتووە. پێویستە خۆیان بەدوور بگرن لە فەتوادان و ئیجتیهادی میزاجی و مکوڕ بوون لەسەر بۆچونێک کە راجیایی زانایانی زۆر لەسەرە، چونکە هەر هەڵەیەک وەک گوتراوە (خطأ الفرد ينعكس على الجماعة) بەزۆر دەکەوێت لەسەر هەموو لایەک.


 


یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان


13/5/2019