سەرۆکی یەکێتی زانایان: ئەوەی مەلا بێت توندڕەو نیەو بەئاسانیش دەست بۆ فەتوا نابات

لەمیانی وتارەکەیدا رۆژی 2ی7ی2019 لە ئاهەنگی بەخشینی بروانامەی زانستی شارۆچکەی بەحرەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو کۆمەڵێک تەوەری گرنگی باس کرد.


لەو وتارە تیشکی خستە سەر بیری توندڕەوی و گرفتی فەتوای نابەجێ لەکوردستان و گوتی: بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی ئەرکی هەموو لایەکمانە بەتایبەت ئەهلی عیلم، چونکە تا حوجرە لە کوردستان مەلای پێدەگەیاند هیچ توندرەوی نەبوو، بەڵام کە رۆڵی حوجرە پەک خراو لەمەیدان نەما دەیەها بیری هاوردەو نامۆ سەری هەڵداو توندڕەوی لەناو کۆمەڵگە بڵاوو بوویەوە.


هەروەها گوتیشی: ئەوەی مەلا بێت و لە چوارچێوەی پەروەردەی مەلایەتی پێگەیشتبێت بەهیچ شێوەیەک توندڕەو نیەو بگرە بەردەوام بە هزرو لۆژیکی جوانەوە خزمەتی کوردو کوردستانی کردووە.


گوتیشی: بەداخەوە ئێستا کەسانێک کە لە دەرەوەی مەدرەسەی شەرعی و زانستی حوجرەو پەروەردەی سەردەستی زانایان خۆیان کردۆتە مەلاو بیری توندڕەوی بڵاو دەکەوەو دەرفەتی پێکەوەیی و یەکتر قبوڵکردن تەسک دەکەنەوە، جێگەی نیگەرانیەو لێکەوتەی دەیەها گرژی و پشێویە.


ئەوەشی گوت: پێوەری مەعریفی بە لەقەب و شەهادە نیە بەڵکو بە ناوەڕۆک و ئاستی زانستیە، ئەو خزمەتەی زانایانی پێشوو پێشکەشیان کردو بەرهەمی بەردەوامیشی هەبوو لەرێی زانستەوە بوو نەک لەقەب و شەهادە.


هەر لەمیانی وتارەکەدا گوتی: لەکوردستان فەتوای نابەجێ ئاڵۆزی و فەوزای دروستکردووە، لەکاتێکدا پێگەی فەتوا هەستیارەو ئەوانەی پێی هەڵدەستن دەبێ شارەزاو پسپۆڕو ئەهلی ئەو بوارە بن.


زیاتر گوتی: دەبێ ئەوە بزانین هەموو کەس مافی فەتوادانی نیەو هەموو مەلایەکیش موفتی نیە، بەڵکو ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێم هەیە پێویستە فەتوا بۆ ئەوان جێبهێڵدرێت.


سەرۆکی زانایان لە دیارکردنی چارەسەر بۆ هەردوو خاڵی بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی و رێگری لە فەتوای نادروست و فەوزەوی لەوەدا بینیەوە کە زانستی شەرعی بایەخی پتری پێ بدرێت و بەهەمان مەنهەج و پەروەردەی رەسەنی مەدرەسەی شەرعی مەلا پێبگەیێندرێن، لەو بارەوە گوتی: بۆ چارەسەری ئەو پرسە پێویستمان بە گێڕانەوەی رۆڵی مەدرەسە زانستی و شەرعیەکان هەیەو دەبێ لەرێی پەروەردەو پێگەیاندنی مەلای بەتواناو پەیوەست بە رێکارو ئاداب و مەنهەجی مەلایەتی، کوردستان لەو دۆخە رزگار بکەین کە ئەرکی هەموو لایەکە بەتایبەت وەزارەتی ئەوقاف.


لەدوا پەیامی وتارەکەیدا گوتی: دەبێ چاوو لە رێڕەوی زاناو رێبەرانی پێشەنگی بواری زانست و مەلایەتی بکەین، کە چەند بە شکۆمەندانەو گەورەییەوە دوور لەهەر گرژی و توندڕەویەک خزمەتی هەردوو رێچکەی ئیسلامەتی و کودایەتیان کردووەو بوونەتە جێی شانازی و سەربەرزی رابردوو و ئێستای گەلەکەمان.