بە مەبەستی پیرۆزبایی دەست بەکار بوون یەکێتی زانایان سەردانی وەزیری ئەوقاف دەکات

 ئەمڕۆ ۲۵ی۷ی۲٠۱۹ شاندێکی یەکێتی زانایان بەسەرۆکایەتی د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی سەردانی د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیان کرد.


ئامانجی سەردانەکە پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و تاوتوێ کردنی پرسەکانی نێوان هەردوولا بوو.


لە دانیشتنەکەدا د. عبدالله مەلا سەعید بەناوی یەکێتی زانایانەوە پیرۆزبایی لە وەزیری ئەوقاف کردو هیوای سەرکەوتنی لە کاری ئایندە بۆ خواست.


دواتر تەئکیدی لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هەردوولا کرایەوەو رایگەیاند ئەرکی وەزارەتی ئەوقاف هەستیارەو دەبێ بە هەموو توانایەک لە خزمەتی ئیدارەی رەوشی ئایینی و مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی بێت و، بە تەجرەبە وەرگرتن لە کەموکوڕیەکانی رابردوو هەوڵ بدرێت هەنگاوی تازەو واقعی بنێت.


سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لەوەش کرد، کە پێویستە وەزارەتی ئەوقاف لە پرسە ئایینی و ستراتیژی و هەستیارەکان بە تەسیق لەگەڵ یەکێتی زانایان بەرنامەی تۆکمە دابڕێژن و وەک دوو دامەزراوەی پەیوەست بە یەکەوە هەنگاو بنێن.


لەلایەن خۆشیەوە د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانەو ئاراستە کردنی سوپاس و پێزانینی خۆی، جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵی هەماهەنگی تەواو لەگەڵ یەکێتی زانایان دەدات و رێز لە پەیوەندییەکان دەگرێت.


هەروەها رۆڵی یەکێتی زانایانی لە خزمەتکردنی زانایان و پرسە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانیەکان بەرز نرخاند.