سەرۆکی یەکێتی زانایان: فەلسەفەی مەلایەتی راستەقینە خۆی لەسەر بنەمای زانستی و ئاداب و رێڕەوی گەورە زانایانی کورد دەبینێتەوە

رۆژی ۳٠ی۷ی۲٠۱۹ بەئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د. حسن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتواو مامۆستا مەلا حسن قادیانی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت و فەقێ و قوتابیانی ئایینی و جەماوەرێکی زۆری هەولێرو کوردستان مەراسیمی بەخشینی بروانامەی زانستی لە مزگەوتی شوهەدای شاری هەولێر بەڕێوە چوو.


دەستپێکی مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوەو دواتر وتاری بەخێرهاتن لەلایەن بەرێز د. ئیبراهیم هەرشەلی خوێندرایەوەو بەگرنگیەوە باسی ئامادەبوون و بەژداری زانایانی ئایینی قەدرگران کرد لە مەراسیمەکە.


پاشان وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی وتەیەکی پێشکەش کردو باسی لە گرنگی مەراسیمەکەو رۆڵی زانایان و سەقامگیری کوردستان و بیری میانڕەوی کردو گوتیشی: بەهەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی زانایان پرۆژەی گرنگ و باشمان دەبێت بۆ ئایندەی کار لە کوردستان


ئینجا بەڕێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو وێڕای دەستخۆشی لە د. ئیبراهیم هەرشەلی و پیرۆزبایی لە مامۆستا عبدالله زراری، تیشکی خستە سەر پێگەو خزمەتی زانایانی ئایینی و حوجرەو زانستی شەرعی لە پێگەیاندنی مامۆستای ئایینپەروەرو کوردپەروەرو میانڕەو.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: ئەرکە مەلای کورد لەسەر رێبازی گەورە زانایان پێشوو لەخزمەت کردن بەردەوام بن، کە رابەری گەورەی نەتەوەیی و ئایینی و سەرمەشقی کاروانی رۆشنبیری و زانستی و ئەدەبی بوونە.


گوتیشی: فەلسەفەی مەلایەتی لەناو کورد خۆی لە ئاستی زانستی و چوارچێوەی پەیڕەوی گەورە زانایان دەبینێتەوە، زانایانی وەک مامۆستا عبدالکریمی مودەریس کە خزمەتێکی گەورەی پێشکەش کردو بەرهەمی زۆری لەدوای خۆی وەک میراتی زانستی بەجێهێشت، کێ هەیە بە خوێندنەوەی ئەو بەرهەمانە توندڕەو دەرچوبێ؟!


گوتیشی: دەبێ حکومەت و وەزارەتی ئەوقاف بایەخی جدی بەخوێندنی ئایینی و حوجرەو بروانامەی زانستی بدەن و تەعدیل شەهادە رێزو تایبەتمەندی خۆی بدرێتێ.


سەرۆکی زانایان گوتیشی: تا رۆڵی حوجرەو عیرافان و تەسەوف لەناو کۆمەڵگە لەگەشە دابوو، کۆمەڵگە لەهەموو شتێکی نامۆو کێشەو ئاریشەیەک دوور بوو، بەلام کە ئەو رۆڵە لە مەیدان نەما جۆرەها گرفت بەڕۆکی گەلەکەمانی گرت و ئاسەواری خراپی بەسەر جەستەی کۆمەڵگەوە بەجێهێشت.


پاشان د. رافع روفاعی موفتی عیراق وتارێکی پێشکەش کردو ئینجا مامۆستا دکتۆر ئیبراهیم هەرشەلی دەقی بروانامەی زانستی خوێندەوەو دوای پێدانی بروانامەش بە مامۆستا عبدالله بیلال زراری پۆشینی بەرگی مەلایەتی، چەندین سرودو پەخشان بەو بۆنەوە خوێندرانەوە.