بەمەبەستی تاوتوێی چەند پرسێک مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان هەردوو جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەسەر داتەوە

ئەمرۆ 27ی8ی2019 شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی بەسەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی هەردوو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کرد.


لە دانیشتنێکی نێوان هەردوو لا جەخت لەسەر کۆمەڵێک پرسی تایبەتی و گشتی کراو تەئکیدیش لەهەماهەنگی نێوان هەردوولا کرایەوە.


لەدانیشتنی شاندەکە لەگەڵ بەرێز د. هێمن هەورامی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاماژەی بەوە کرد، کە پێویستە پەرلەمان رۆڵی دامەزراوەیی خۆی ببینێ و بە لەبەر چاووگرتنی پێکهاتەی ئایینی و کۆمەڵایەتی کوردستان هەنگاو بنێت و پرسی ئایین  بەتایبەت لە پرۆژە پێشنیازکراوەکان و یاسا فەرمیەکان بەهەند وەربگرن و پێگەو خزمەتی زانایانیش لەبەرچاوو بێ.


لەلایەن خۆشیەوە د. هێمن هەورامی رایگەیاند: بەو سەردانە خۆشحاڵ بووین و درک بەو راستیە دەکەین رۆڵی ئێوە یەکجار گرنگە و داوامان وایە ئێوە پشتگیرمان بن بۆ ئەوەی لە کەشێکی سەقامگیرو ئارامدا بتوانین خزمەتی کوردستان بکەین، هەروەها گوتی: لەرێی لێژنەی ئەوقافەوە لە پەرلەمانی کوردستان هەوڵدەدەین پرۆژەو پێشنیاری گرنگ و گشتی بەهەماهەنگی لەگەڵ ئێوە پێشکەش بکەین، خزمەت و پێگەی زانایان بەلای ئێمەوە گرنگەو بەچاوی رێزەوە لێی دەروانین.


هەروەها لەدانیشتن لەگەڵ مونا قەهوەچی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان باس لە گرنگی لەبەرچاو گرتنی پێکاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کراو سەرۆکی یەکێتی زانایان جەختی لەوە کردەوە، کە کوردستان نمونەیەکی جوانی پێکەوەژیان و رێزگرتنی پێکهاتەکانە.


لەلایەن خۆشیەوە مونا قەهوەچی وێڕایی خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانەی یەکێتی زانایان، باسی لە رۆڵ و خزمەتی زانایان لەناو کۆمەڵگەو قوڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان کردەوەو دڵنیایی هەماهەنگی و لەبەرچاوگرتنی سەرنج و پیشنیاری یەکێتی زانایانیشی تەئکید کردەوە.