شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

ئەمرۆ 27ی8ی2019 شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەسەرپەرشتی بەرێز د.عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و بەیاوەری مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.عومەر حسن مرۆ و مامۆستا مەلا حسن قادیانی و مامۆستا مەلا دلشاد گەڵاڵی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و مەلا عبدالله شێرکاوەیی بەرپرسی راگەیاندن، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردو لەگەڵ بەرێز د. رێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.


لەدانیشتنێکدا بەرێز د.عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کردو تەئکیدی لە هەماهەنگی و گرنگی رۆڵی پەرلەمان وەک یەکەمین دەزگای تەشریعی لە کوردستان کردەوەو ئاماژەشی بەوەکرد، کە پێویستە پەرلەمان بە ئەرکی دامەزراوەیی خۆی هەڵبستێ و رەچاوی تایبەتمەندی کۆمەڵگەی کوردستان و پێکهاتەیی ئایینی و نەتەوەییش بکات.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: پێویستە لە پرسی دەستوورو دەرچوواندنی یاساکان رەچاوی رەهەندی ئایینی بکرێت و ناکرێ پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلام هەنگاو بنرێت، بۆیە گرنگە پەرلەمانی کوردستان لەرێی لێژنەی ئەوقافی پەرلەمانەوە پرۆژە یاساکان بەهەند وەربگرێت و تایبەتمەندی بوارەکانی پەیوەست بە ئایینەوە بپارێزێت، هەروەک تەئکیدی لەوەش کردەوە کە پێویستە پەرلەمان رۆڵ و پێگەی زانایان لەبەرچاو بگرێت و لەچوارچیوەی یاساوە هەوڵبدات لە هەنگاوەکانی ئایندە خزمەتێکی شایستەتر پێشکەش بە زانایانی ئایینی بکات و باری گوزەران و موچەکانیان چاکتر بکات.


لەلایەن خۆشیەوە د. رێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای سوپاس و خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانە جەختی لەوە کردەوە، کە لەو قۆناغە هەستیارە هەڵدەدەن بەهەماهەنگی و پشتیوانی هەموو لایەک کاری باش و هەنگاوی گرنگ بنێن، بەتایبەت لەگەڵ ئێوەی بەرێز کە رۆڵی گەروە لەناو کۆمەڵگە دەگێڕن.


گوتیشی: رۆڵی یەکێتی زانایان دیارە لەکوردستان و بەچاوی رێزەوە لە هەوڵەکانتان دەروانین و لەو قۆناغەش زیاتر لە هەموو لایەک پێویستمان بە مامۆستایانی ئایینیەو دڵنیاشتان دەکەم بۆچوونی ئێوە بەلای پەرلەمانەوە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە.


سەرۆکی پەرلەمان گوتیشی: دڵنیاتان دەکەم هەر پرۆژە یاسایەک لەلایەن هەر لایەنێکەوە بەرز بکرێتەوەو پەیوەست بێت بە بابەتی ئایینیەوە ڕای ئێوە وەردەگرین و رەچاوی سەرنج و پێشنیارەکانتان دەکەین.