یەکێتی زانایان و لێژنەی ئەوقاف لە پەرلەمانی کوردستان تاوتوێی چەند پرس و پرۆژە یاسایەک دەکەن

رۆژ27ی8ی2019 شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەسەرپەرشتی بەرێز د.عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و بەیاوەری مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.عومەر حسن مرۆ و مامۆستا مەلا حسن قادیانی و مامۆستا مەلا دلشاد گەڵاڵی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و مەلا عبدالله شێرکاوەیی بەرپرسی راگەیاندن، بەمەبەستی تاوتوێ و گفتوگۆی چەند پرسێکی گرنگ لەگەل سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.


لێژنەی پەرلەمان پێکهاتبوو لە بەرێزان مامۆستا هەورامان گەچێنەیی سەرۆکی لێژنەو مامۆستا وەیسی مەلا سەعیدو مامۆستا احسان رێکانی و شێخ زاهیر خەیلانی و مامۆستا اسماعیل سگێری و کاک هێڕش فەقێ و کاوە عبدالقادر.


سەرەتای دانیشتنەکە سەرۆکی لێژنە وێڕایی بەخێرهێنان و خۆشحاڵی دەربڕین بەو دەستپێشخەریەی یەکێتی زانایان جەختی لە پێویستی هەماهەنگی تەواوی نێوان هەردوولا کردەوەو گوتی: هەر سەرنج پێشنیارێکتان هەیە بەجدی وەریدەگرین و هیچ هەنگاوێک لە لێژنەی ئەوقاف بێ ئێوە ناوێین و هەماهەنگی نێوانمان پەرە پێ دەدەین.


دواتر بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاسی لێژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستانی کردو پاڵپشتی یەکێتی زانایان بۆ پێشخستن و گرنگی کاری لێژنەکە دووپات کردەوەو ئاماژەی بەوەدا، کە وەک ئیش و پرۆژە خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوو بکەینە نوقتەی هێز بۆ بەرەو پێشبردنی دۆخی ئایینی و پێشنیاری پرۆژەی پێویست لە هەرێمی کوردستان.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتی: ئایین شتێکی گشتیەو ناکرێ تێکەڵ بەسیاسەت بکرێ لەپاڵ ئەوەشدا دەبێ هەمووان لەخەمی ئەوە بین خزمەتی ئایینی و نەتەوەیی بکەین و ئەو سیما جوانەی پێکەوەژیان پەرە پێ بدەین.


هەروەها گوتیشی: ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە جارێکی تر کار بکەین لەسەر بۆ هێنانەپێشەوەی پرۆژەیاسای (مەئزوونی شەرعی) بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەرێک بۆ رێگری لەو حاڵەتە نەخوازراوانەی لە رووی کۆمەڵایەتی و یاسایی روودەدەن، لەگەڵ پێشنیارکردنی پرۆژەیاسای قەدەغەکردنی ماڵپەرە ئیباحیەکان و دانانی فلتەرو سانسۆڕێک بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە هەندێ دیاردە درور خەینەوە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: پێویستە پرسی خوێندنی حوجرەو خوێندنی ئیسلامی سەر لەنوێ پێداچوونەوەی بۆ بکرێ و لەرێی پرۆژە یاسایەکی تێرو تەسەل بایەخی زیاتری پێ بدرێت، وە لە پرۆژەی چاکسازی حکومەت رەچاوی پێگەو بارو گوزەرانی مامۆستایانی ئایینی لەبەر چاو بگیرێ و هەوڵبدرێت شایستە یان دەرماڵەکی تایبەت بۆ مامۆستایانی ئایینی لە کابینەی تازە دابین بکرێت، لەبەر ئەوەی مامۆستایان رێژەیان کەمەو لەهەمان کات ناتوانن لەپاڵ کاری مەلایەتی هیچ کارێکی تر بکەن.


شایەنی گوتنە: ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی زانایان و لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینیە لە پەرلەمانی کوردستان لەو خولە نوێیەدا.