یەکێتی زانایان بە بۆنەی سەری ساڵی کۆچی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی کۆچی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێک ئاراستەی موسڵمانان دەکات ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەناوی خوای گەورەو میهرەبان


بە بۆنەی هەتنەوەی سەری ساڵی کۆچی پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە تەواوی موسڵمان بەگشتی وموسڵمانانی کورد بەتایبەتی دەکەین، بەئومیدی ئەوەی ساڵی تازە ببێتە هاندەرێک بۆ زیاتر گیان بەبەرداکردنی هەستی دینداری و پابەندی ئایینی و سازکردنی زەمینەی بەخۆداچوونەوەو هەنگاونان بەرەو چاکەکاری و مرۆڤدۆستی.


کۆچ وەرچەرخانێکی گرنگی مێژووی مرۆڤایەتی بوو لە پێناو پابەندی ئیمانی و بەجێگەیاندنی فەرمانی خواو سەلامەتی عەقیدەو سەرخستنی رێی حەق و عەداڵەت.


وانەو رامانەکانی کۆچی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لە مەککەی پیرۆز بۆ مەدینەی مونەوەرە پێمان دەڵێن، پێویستە خۆشەویستی سەروەرمان بکەینە سەر مەشقی هەنگاونان و بایەخی تەواو بە دینداری و مزگەوت و برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بدەین و هەستی خۆشەویستی خاک و نیشتمان لەبەر چاوو بگرین بە گیانی بەرپرسیارێتی وەک موسڵمان خۆمان بەتەواوکاری یەکتر بزانین بۆ خزمەتی رەهەندی ئایینی و نەتەوەیی لەچوارچێوەی کوردستانی ئازیزدا..


جارێکی تر پیرۆزبایی لە خۆمان و ئێوەی بەرێز دەکەین، دروود بۆ گیانی پاکی پایەبەرزی پێغەمبەرو یاوەرانی کە بوونە سەرمەشقی کۆچ و وەرچەرخانی مێژووی موسڵمانان..


 


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


۳٠ی۸ی۲٠۱۹