یەکێتی زانایان داوا لە وەزارەتی ئەوقاف دەکات ئەنجامی مۆڵەتی خوێندن ڕابگەیه‌نێت

ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه ۱ی۹ی۲٠۱۹ بەپێی نوسراوێکی فەرمی، کە ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کردووە؛ یەکێتی زانایان داوا دەکات ئەنجامی مۆڵەتی خوێندن ئاشکرا بکاو رایبگەیەنێت.


لەبەشێکی نوسراوەکەدا هاتووە: نزیکەی شەش مانگە ئەوانەی تەقدیمیان کردووە لە چاوەروانیدان و تا ئێستا هیچ ئەنجامێک رانەگەیێندراوە، ئەمە لە کاتێکدا بەپێی رێنمایی بەرێزتان دوا کات بۆ تەقدیم کردن 15ی3ێ2019 بوو. هەروەها هاتووە: داوا لەبەرێزتان دەکەین بەزوویی خەمێک لەو بارەوە بخۆن و ئەنجامی مۆڵەتی خوێندن رابگەیێنن، بۆ ئەوەی دەرفەتی خوێندن بۆ ئەوانەی ناویان لە پرۆسەکە دەردەچێ لە دەست نەچێت. بەکردنەوەی مۆڵەتی خوێندن و گرنگی دانتان بە رەخساندنی زەمینەی درێژەدان بەخوێندنی باڵا (ماستەرو دکتۆرا) بۆ مامۆستایانی ئایینی سەر بە میلاکتان جێگەی دڵخۆشیە.


شایەنی باسە ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بە مەبەستی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا داوایان پێشکەشی وەزارەتی ئەوقاف کردبوو بۆ خوێندنی ساڵی ۲٠۱۹و ۲٠۲٠ بەڵام شەش مانگە ئەو ئەنجامە دوا کەوتووە.