ليژنەی بۆردی وتاری هەینی لەبارەگای مەکتەبی تەنفیزی کۆدەبێتەوەو چەند رێنمایەکی تایبەت دەردەکات

ئەمرۆ 4ی9ی2019 بە سەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان لێژنەی بۆردی وتاری هەینی کۆبوونەوە.


ئامانجی دانیشتنەکە باسکردنی وتاری هەینی و دیارکردنی ناونیشانی وتار بوو، کە لەمەو دوا یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات و بەپێی رێنمایی و شێوازێکی گونجاوی پەیوەست بە وتاری هەینی و دۆخی کۆمەڵگەی کوردستان بەڕێوەی دەبات.


ئەو هەنگاوە دوای بەرێوەچوونی چەند کۆبوونەوەیەک هات، کە لەلایەن هەردوو وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان گەنگەشەی بابەتە کراوەو واش بەباش زانراوە لەبەر زیاتر پەیوەستی بابەتەکەو پیشەیی بەرێوەچوونی ئاست و ئاراستەی وتاری هەینی لە کوردستان لێژنەیەک لە یەکێتی زانایان بە بەژداری نوێنەری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەستنیشان بکرێت و درێژە بەو رێڕەوە تایبەتە بدرێت.


بۆ ئەو مەبەستە یەکێتی زانایان دوای بەدواداچوون و تاوتوێ کردن و راوێژو کۆبوونەوە بەرنامەیەکی تازەی داناوەو وەک خەمخۆری و بایەخدان بە پرسەکە لێژنەیەکی چوار کەسی پێکهیناوە، کە بەشێوەیەکی زانستی و پیشەیی و واقعی بەئەرکی دیاریکردنی وتار هەڵبستن و بەجددی خەمی لێ بخۆن.


شایەنی گوتنە: ماوەی پتر لە دوو ساڵە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەژێر راسپاردەو رێنماییەکانی کۆنگرەی وتاری هەینی لە ساڵی 2016، ناونیشانی وتاری هەیینی دیار دەکرد، بەڵام لە ئێستا بەو لاوە ئەو ئەرکە بە یەکێتی زانایان سپێردراوەو سەرپەرشتی ئەو پرسە دەکات.