بە بەژداری سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بروانامەی زانستی لە شارۆچکەی مەسیف بەرێوە دەچێت

رۆژی پێنج شەممە 12ی9ی2019 بە ئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و ژمارەیەکی بەرچاوو لە مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتی حزبی و حکومی و کۆمەلایەتی و فەقێ و قوتابیانی ئایینی و جەماوەری ناوچەکە لە شارۆچکەی مەسیف و لە مزگەوتی مەلا مەجید گڕاوی مەراسیمی بەخشینی بروانامەی زانستی بۆ هەر یەک لە بەرێزان (مامۆستا ئەیوب و مامۆستا ئەرسەلان) لەلایەن مامۆستا مەلا عەلی خەتێ بەرێوە چوو.


سەرەتای مەراسیمە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆزو ئینجا خوێندنەوەی وتەی بەخێرهاتن دەستی پێکردو دواتر بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی وتەیەکی پێشکەش کرد.


پاشان بەرێز د. عبداللە مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا پیرۆزبایی لە هەردوو مامۆستای بڕوانامە وەرگر کردو دەستخۆشی و سوپاسی ئاراستەی مامۆستای بروانامەدەر کردو هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواستن.


دواتر سەرۆکی یەکێتی زانایان تیشکی خستە سەر پێگەی خوێندنی حوجرەو بایەخی بەردەوامی ئەو کاروانە زانستیەو گوتی: خوێندنی حوجرە و بایەخ و پێگەی تێگەیشتن و زانستی ئەو رێڕەوەی نێو کۆمەڵگەی کوردی بەدرێژایی مێژوو کاریگەری دروست و رەسەن و گەورەی هەبووەو جێدەستی لە پێگەیاندن و تێگەیاندنی سەدان کەڵە زانای بواری زانستە شەرعیەکان و مەعریفەی ئایینی دیارو بەرچاوو بووە.


هەروەها گوتیشی: دەبێ هەوڵی پاراستنی حوجرەو بایەخدانی بدەین، چونکە هەمووان ئەو راستیە دەزانین تا حوجرە مەڵبەندی پێگەیاندن و جێی بایەخی تەواو بوو، هیچ کێشە و گرفت و ئاریشە لە رووی ئایینی و گەیاندنی پەیامی ئیسلام بە موسڵمانان لە ئارا نەبوو، بەلام لەگەڵ لاواز بوون و پەراوێز خستنی حوجرەکان کۆمەڵگە تووشی گرفتی زۆر هات، کە ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە بەدیلی حوجرە تەنها حوجرەیە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: ئێمە لە هەوڵی زۆرو هەنگاوی باش داین بۆ بایەخدان بە خوێندنی ئایینی و بوژاندنەوەی حوجرەکان لە کوردستان، لەگەڵ ئەوەش دەبێ بڕوانامەی زانستی مەکانەتی خۆی پێ بدرێ و لەگەڵ یەکسانکردنی بە بڕوانامەی شەشی ئامادەبی هەموو ئیمتیازەکان بگرێتەوە.


هەروەها گوتیشی: دەمانەوێ لە کابینەی تازەو لە ئایندە بایەخی زیاتر بە مامۆستایانی ئایینی بدرێ و بژێوی ژیانیان باشتر بکرێت، هەم مووچەی مامۆستایان زیاد بکرێ و لەهەمان کاتیش ئەوانەی تا ئێستا دانەمەزراون هەوڵ بدرێ دابمەزرێن.


لە دوا پەیامیدا سەرۆکی زانایان گوتی: پێویستیشە لەسەر مامۆستایانی بەرێزی ئایینی پێگە و پیشەی خۆیان بە ئەمانەت و قەدرەوە بپارێزن و رێگە نەدەن کەسانێک بەناوی پیشەی ئەوانەوە فەتواو هەنگاوی نەگونجاو بهاوێژێت و سەرەنجام بە زیان بەسەر هەمووان بشکێتەوە، هیچ شەریحەیەکی تر رێگە بەوە نادات تەداخول لە کاری ئەوان بکرێت بۆ دەبێ کەسانێک هەبن لەدەرەوەی پیشەیی مەلایەتی دەست لە کاری مەلایەتی و پرسی فەتوا بدەن.؟