یەکێتی زانایان داوای گواستنەوەی قوتابخانە ئیسلامیەکان لە وەزارەتی پەروەردە بۆ سەر وەزارەتی ئەوقاف دەکات

رۆژی 6ی10ی2019 لە نوسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داوای گواستنەوەی قوتابخانە ئیسلامیەکان دەکات لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی.


لە نوسراوەکەدا ئاماژە بە ژمارەو بەرواری نوسراوی فەرمی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، کە تێیدا بڕیار دراوە قوتابخانە ئیسلامیەکان لە وەزارەتی ئەوقافەوە بگواسترێنەوە سەر وەزارەتی پەروەردە، کە بە هۆی زروف و دۆخێکی تایبەت بووە.


هەر لە نوسراوەکە ئەوە روون کراوەتەوەو هاتووە: دوای گواستنەوەی قوتابخانەکان لە وەزراەتی ئەوقاف بۆ سەر وەزراەتی پەروەردە، رێڕەوێکی تریان وەرگرت و قوتابیانی ئایینی لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی ئەوقاف دەرچوون و هیچ پەیوەندی و وابەستەیی وەزارەتی ئەوقاف بە خوێندنی ئیسلامی و قوتابیانی ئەو بوارە نەماو کەوتە دەرەوەی بازنەی ناوەندەکانی دروستکردن و پێگەیاندنی مەلا و وتاربێژ لەلایەک و پاشەکشەی خوێندنی ئیسلامی لە لایەکی ترەوە.


لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە: بە پێی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون و راوێژی پسپۆڕانی ئەو بوارە، لەپێناو باشتر کردنی دۆخی خوێندنی ئیسلامی لە کوردستان و پاراستنی تایبەتمەندی قوتابخانە ئیسلامیەکان، داوا دەکەین بە گەڕاندنەوەی سەرجەم قوتابخانە ئایینیەکان لە وەزارەتی پەروەردە بۆ سەر وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی.


بۆ بەرچاو ررونی لایەنی یاسایی ئەو هەنگاوە یەکێتی زانایان ئەوەشی خستۆتە روو، کە بە پێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2007 دەستەڵاتی سەرپەرشتی کردنی قوتابخانەکانی ئایینی و خوێندنی ئیسلامی داوەتە وەزارەتی ئەوقاف.


شایەنی گوتنە ماوەیەکە زۆر بە جددی یەکێتی زانایان بەپێی دیراسەو لەبەرچاوگرتنی دۆخی خوێندنی ئیسلامی و گێڕانەوەی پێگەی خوێندنی ئیسلامی و پەرۆشی بۆ ئەو بوارە کار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەکات.