کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان کۆرێک بۆ سەرۆکی یەکێتی زانایان رێک دەخات

ئەمرۆ 13ی11ی2019 بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی سەر بە زانکۆی سەلاحەددین لە شاری هەولێرو لە کۆرێکی تایبەت و پەیوەست بە مانگی مەولود بابەتێکی لەسەر کەسایەتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) پێشکەش کرد.


لەو کۆڕەدا کە ژمارەیەک مامۆستا ی زانکۆو قۆتابیانی هەرچوار بەشی کۆلێژی ناوبراو بەژدار بوون، سەرۆکی یەکێتی زانایان تیشکی خستە سەر گەورەیی کەسایەتی پێغەمبەرو پەیامە گرنگەی کە وەک پێویستیەکی نێو ژیانی رۆژانەو بەتایبەت بۆ قوتابیانی بواری زانستە شەرعیەکان یەکجار پێویست و بەرهەمدارە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان لە بەشێکی قسەکانی گوتی: بە درێژایی پتر لە چواردە سەدە رۆڵ و کاریگەری پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بەسەر تەواوی دونیا دەشکێتەوەو یەکەکەی پەیامەکانی بۆ مرۆڤایەتی بونەتە ئەلقەی سەرکەوتن و بەختەوەری، لەگەڵ ئەوەشدا لەم قۆناغە زیاتر پێویست بەوە دەکات شرۆڤەو تیشک بخەینە سەر لایەنەکانی کەسێتی و ژیانی ئەو زاتە، کە بۆ ئێمەی موسلمان جێی شانازی و فاکتەری تێگەیشتن و پێگەیشتنی هزری و گەشە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکان.


سەرۆکی یەکێتی زانایان لە وتارەکەیدا کۆمەڵێک ئایەت و فەرمودەی لەبارەی گەورەی و میهرەبانی و لیبوردەیی و پێشەنگی و جیهانبینی پێغەمبەر بۆ ئامادەبووان شیکردەوەو چەندین وانەی گرنگی لەو چوارچێوەوە باس کرد.