ئەمینداری گشتی کۆڕبەندی توێژینەوەی ئیسلامی لەگەڵ زانایانی کوردستان دیدارێک ساز دەکات

لەدیداری لەگەڵ شاندی زانایانی بەشداربووی خولی چوارەم بەرێز دکتۆر شێخ نەزیر محمد عەیاد ئەمینداری گشتی کۆڕبەندی توێژینەوەی ئیسلامی ئاماژەی بە چەند خاڵێکی کرنگ و هاوچەرخ کردو رۆڵی زانایانی کوردی لە پرۆسەی خزمەتی ئایینی و هزری بەرز نرخاند.


لە بەشێکی توێژینەوەکەی گوتی: زانایانی ئێستا لەبەردەم ئەرکێکی گراندان و دەبێ لەچوارچێوەی سنوورە فکریەکان و بەپێی عەقڵی خەڵک مامەڵە بکەن، بەتایبەت لە تەرحکردنی کێشەو پرس و پێشهاتەکان گرنگە بە شێوازێکی گونجاو ئاراستەی هزرو بابەتەکان بکەن، چونکە جاری وایە شێوازێکی بەکەمو کوڕی یان کەمتەرخەم دونیایەک ئاریشە دەنێتەوە، بۆیە دەبێ رەچاوی پێوەرە زانستی و واقعیەکان و جیاوازی خەڵک لە بیروڕا و نەریت و ئینتیماو فەرهەنگەکان بکرێت.


هەروەها گوتی: کاری بانگەوازی تەنها بە گەیاندنی بەڵگە ناکرێ، بەڵکو دەبێ هۆیەکانی گەیاندنەکە بە جوانترین شێوازو بە حیکمەتەوە بدۆزرێنەوە، ئەوەش پێویستی بە هزرێکی رۆشن و زانست و تەجرەبەیەکی سەرکەوتووانە هەیەو دەبێ هەوڵی کەمکردنەوەی بەریەککەوتن بدرێت و بەئوسلوبێکی میانڕەوانە پەیامەکان بگەیەندرێن.


لەکۆتایی خولەکە رایگەیاند: پێویستە وەک هەمیشە زانایانی کورد ببنە نمونەیەکی باش لە هۆشیاری خەڵک و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ واقع و پێشکەش کردنی وێنای جوانی ئیسلام، لەرێی رۆشنبیریەکی تەندروست و نوێسازی فکری و بنەماکانی پێکەوژیانی ئاشتیانەو لێبوردەیی.