سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری شاندی زانایانی کورد سەردانی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر دەکات

ئەمرۆ 19ی11ی2019 بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان به‌ هاوڕێیەتی بەژداربووانی چوارەمین خولی پێگەیاندنی زانایان، سەردانی دەستەی گەورە زانایانی ئەزيان کردو بە گەرمیەوە پێشوازی کران.


سەردانەکە بۆ لای هەر یەک لە بەرێزان دکتۆر ساڵح ئەلعەدلی ئەمینداری گشتی دەستەی گەورە زانایان و دکتۆر ئەحمەد معبد ئەندامی دەستەی ناوبراو  بوو.


لە دانیشتنێکی کراوەدا سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئاماژەی بە رۆڵی زانکۆی ئەزهەرو گەورە زانایانی ئەزهەری شەریف کرد لە بایەخدانیان بە پەیوەندی دۆستانەی نێوان کوردستان و وڵاتی میسڕ.


ئینجا سەرۆکی یەکێتی زانایان کورتەیەکی مێژووی زانایانی کوردو شێوازی خوێندنی حوجرەو خزمەت و هەنگاوەکانی مەلای کوردو هەڵوێستە ئایینی و ئینسانیەکانی وەک بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کورد خستە روو، هەروەک بەشێک لە ئەزمونی سەرکەوتووانی پێکەوەژیان و بایەخدانی کورد بە پرۆسەی ئاشتی و هەنگاونان بە ئاراستەی رۆحیەتی برایەتی و هەماهەنگی و گیانی هاوکاربوون شرۆڤە کردو ، بیری دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەری خستەوە، کە کورد گەلێکە بایەخ بە بیری میانڕەوی دەدات و هەمیشە بەرەنگاری لە هزری توندڕەوی و تیرۆر کردووە .


لەلایەکی ترەوە سەرۆکی یەکێتی زانایان تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی دامەزراوە ئایینیەکانی کوردستان لە خزمەتکردنی ئیسلام و موسڵمانان و نمونەی چەند گەورە زانایەکی کوردی هێنایەوە، کە نمونەی پێشەنگی و زانایی  بوون و لە ئێستاشدا کورد خاوەنی زانای گەورەیەو بە هەزارەها دەستنووسی گەورە زانایانی وەک میراتی رۆشنبیری و فکری بۆ بەجێماوەو مەلای کورد بە پەیڕەوی لە نەهجی گەورە زانایان هۆشیارانە هەنگاو دەنێ و خزمەت دەکات.


لەلایەن خۆیانەوە دستەی گەورە زانایانی ئەزهەر وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بەو دیدارە، جەختیان لەسەر هەماهەنگی و دۆستایەتی هەردوولا کردەوەو، ئەوەشیان راگەیاند، کە زانایانی کورد جێگەی تەقدیرو بەرچاوی مەشیخەی ئەزهەری شەریفن.