سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێویستە رێکاری واقعی و گونجاو لە هەڵمەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پیادە بکرێت

سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێویستە رێکاری واقعی و گونجاو لە هەڵمەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پیادە بکرێت


ئەمرۆ 26ی11ی2019 لە پەیامێکدا بۆ (ماڵپەڕی زانایان) بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان سەبارەت بە هەڵمەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان باس لەوە دەکات پێویستە لە کوردستان ئالیەت و شێوازی کونجاوو واقعی سەبارەت بە پرسی ئافرەتان پیادە بکرێ و رەچاوی دۆخی کۆمەڵگەو تایبەتمەندی ئایینی و یاسایی بکرێت.


سەرۆکی یەکێتی زانایان دەڵێت: ئایینی ئیسلام هەموو جۆرە توندوتیژیەک بەرامبەر ئافرەت رەت دەکاتەوەو جەختیش دەکات هەمیشە بە میهرەبانی و چاوی رێزەوە لەگەڵ ئافرەتان و خوشک و کچەکانتان مامەڵە بکەن، چونکە دەیان دەق هەیە لە قورئان و فەرموودە باس لە بەرزی و رێزو پێگەی ئافرەتان دەکات.


سەرۆکی یەکێتی زانایان ئەوەش دەڵێت: ئەوەی هۆکاری توندو تیژی بێت لەو نێوەدا زیاتر پەیوەندی بە کلتورو ناهۆشیاری کۆمەڵگەو زۆر جاریش خودی ئافرەتان دەبنە فاکتەر بۆ ئەوەی بێڕێزی و توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، چونکە ژیانی خێزانداری دوولایەنەیە، وەک چۆن ئافرەتان دەخوازن پیاوان لەگەڵیان باش و میهرەبان بن، لەهەمان کات پێویستە ئافرەتیش ئەو راستیە بزانن کە وەک دایک و هاوسەر هاوکارو پشتیوانی خێزانەکەی خۆیان بن و پەنا بۆ شتێک نەبن لەگەڵ ئایین و داب و نەریتی رەسەنی کوردەواری نەگونجێت.


هەروەها گوتیشی: بەداخەوە لاسایی کردنەوەو لەبەرچاو نەگرتنی تایبەتمەندی کۆمەڵگەی کوردی و هەندێ جار سەپاندنی کلتوری بیانی بەسەر ژنانی کورد وای کردووە ئاریشەی زۆر بێتە بەردەم کۆمەڵگەی کوردی و ساکالاو جیابوونەوەو توندوتیژی زۆر ببێت, بۆیە هیوامان وایە رێکخراو و ناوەندەکانی تایبەت بە ئافرەتان جددیترو واقعبینانە تر بایەخ بە ئافرەتان و نەهێشتنی کێشەکانیان بدەن و بەدوای هۆکارەکان بگەرێن و چارەسەرەکان بدۆزنەوە، ئێمە وەکو یەکێتی زانایان ئامادەی هەموو هاوکاریەکین لەپێناو کەمکردنەوەی توندوتیژی و نەهێشتنی کێشەکان.


لە دوا پەیامیدا سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: ئایینی پیرۆزی ئیسلام چارەسەری زۆرو هەمەلایەنەی بۆ کێشەکان هەیەو، رێنماییمان دەکات نەک تەنها بەرامبەر ئافرەتان بەڵکو لە ژیاندا توندو تیژ نەبین و هەمیشە بە پەیامی تەبایی و ئاشتی و میهرەبانی و ئینسانیەوە هەڵسوکەوت بکەین، هەر لێرەشەوە رۆڵی مامۆستایانی ئایینی بەرز دەنرخێنم، کە بەردەوام هەوڵیان داوە خزمەت کۆمەڵگەی کوردی بکەن و رێچارەی گونجاو بۆ کێشەی کۆمەلایەتی و خێزانی بدۆزنەوەو کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە کە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان نەنوێنن.