هەولێر: بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆنگرەی دووەمی فەرمودەناسی بەرێوە دەچێت

ئەمرۆ 27ی11ی2019 بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری کرد لە کۆنگرەی دووەمی فەرموودەناسی، کە سەنتەری هۆشیاری و وردبینی و پەرەپێدانی تواناکان بە هاوکاری کۆمەڵێک زانای فەرمودەناسی هەولێرو کەرکوک لەژێر ناونیشانی (كتاب الشفا للقاضي عياض... رؤية حديثية) سازی کرد بوو.


لە مەراسیمی کردنەوەی کۆنگرەکەدا کە بەرێز د. فەهمی قەزاز سەرۆکی سەنتەری ناوبراو و ژمارەیەک لێکۆڵەرو شارەزا ئامادەی بوون، بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا وێرای دەستخۆشی باسی لە گرنگی ئەو جۆرە کۆڕە تایبەتانە کردو تیشکی خستە سەر کتێبی (شیفا)و پێگەو بایەخی فەرمودەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت).


لە بەشێکی تری وتارەکەیدا گوتی: توێژینەوە لەسەر ئەو جۆرە پەرتووکە زانستیانە گرنگەو پێویستە لێکۆڵەران بایەخی پێ بدەن و بەردەوان توێژینەوەی لەسەر بکەن بۆ ئەوەی بتواندرێ خزمەتی فەرمودەی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت)و دیوی دوووەمی زانستی فەرموودەناسی زیاتر بکرێت و بەرەنگاری هەموو جۆرە بانگەشەیەکی گوماناوی ببنەوە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێشنیاری ئەوەشی بۆ زانایانی کەرکوک و هەولێر خستە ڕوو، کە بە ئەرکی وەرگێڕانی کتابی (الشفا) بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی هەڵبستن، بۆ ئەوەی زانستدۆستانی هەرێمی کوردستان سوودی زیاتری لێ وەربگرن.


شایەنی باسە ئەم کۆنگرەیە دوو دانیشتنی تێدا ئەنجام دراو کۆمەڵێک توێژینەوەی زانستی لە لایەن پسپۆڕانەوە پێشکەش بە ئامادەبوان کران.