میسڕ: شاندی زانایانی کورد قەڵای سەلاحەددینی ئەیوبی و چەند شوێنکی تر بەسەر دەکەنەوە

دوێنی هەینی 29ی11ی2019 بەمەبەستی ئاشنا بوون بە شوێنەوارە دێرەکانی وڵاتی میسرو لەدرێژەی چالاکیەکانی شاندی زانایانی کورد چەندین شوێنی گرنگ و مێژوویان بەسەر کردەوە.


سەرەتا سەردانی ئەهرامەکانی میسڕیان کردو وێڕای بینینی ئەو شوێنەوارە بەناوبانگە کە بە کۆنترین شوێنەواری مێژوویی و شارستانیەتی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێ، لەهەمان کات سیمایەکی جوانی جلوبەرگ و زمان و کلتوری کوردیان گەیاندووە.


پاشان مزگەوتی عەمری کوڕی عاسیان بەسەر کردۆتەوە، کە بە یەکەمین و کۆنترین مزگەوتی میسڕو کیشوەری ئەفریقیا دادەندرێت، وێڕای ئەنجامدانی نوێژی هەینی بەشەکانی مزگەوتەکەیان بەسەرکردەوەو چاویان بە ئیمامی مزگەوتی ناوبراو کەوتووەو خۆشحاڵی خۆی بە دیداری زانایانی کورد دەربڕیوە.


پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژ شاندی ناوبراو سەردانی مزگەوت و قەڵای سەلاحەددینی ئەیوبیان کردو ئاشنای مێژوو و بەشەکانی قەڵایەکە بوون و لەوێ خەڵک بەدیداری زانایان خۆشحاڵ بووە، کە هەستیان کردووە ئەوانە رۆڵەی سەلاحەدینی ئەیوبین و بە جلوبەرگی کوردی لەو شوێنەوە دەبینرێن، لەلایەن خۆشیانەوە زانایانی کورد پەیامی خۆیان گەیاندووەو وێنای جوانی نەتەوەیی و نیشتمانیان پیشان داوە.


هەروەها ئەمرۆ 30ی11ی2019 شاندی زانایانی کورد مۆزەخانەی گەورەی میسرِیان بەسەر کردەوەو سەرجەم بەشەکانیان بەسەر کردەوە، کە چەندین ئاسەواری گرانبەهاو مێژوویی لەخۆ گرتووە.


هەر ئەمرۆ شاندی ناوبراو لەلایەن بەرێز کاک شێرکۆ نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە میوانداری کران و لەدانیشتنێکدا کۆمەڵێک پرس و بابەتی پەیوەست باس کراو رۆڵی زانایانی کورد لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان بەرز نرخێندرا.


شایەنی باسە شاندی زانایانی کورد بە مەبەستی بەشداری لە خولێکی زانستی کە لەلایەن رێکخراوی جیهانی دەرچوانی ئەزهەرەوە کراوەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ماوەیەکە لە وڵاتی میسڕن و بەرنامەی کاریان وایە وێرای خولەکە چەندین سەردان و دیدارو چالاکی ئەنجام بدەن و وەک نوێنەری زانایانی کوردستان پەیامی جوانی ئایینی و نەتەوەیی گەلی کورد بگەیەنن.