میسڕ: شاندی زانایانی کوردستان سەردانی خانەی فەتوای میسر دەکات

ئەمرۆ 10ی12ی2019 شاندی زانایانی کوردستان کە بە مەبەستی بەشدار لە خولی زانستی رێکخراوی جیهانی دەرچووانی ئەزهەر لە وڵاتی میسڕن، سەردانی خانەی فەتوای وڵاتەکەیان کردو لەلایەن بەرێز د. شێخ مەجدی عاشور جێگری موفتی میسرو د. خالد عمران و چەند زانایەکی تر بەگەرمیەوە پێشوازی کران.


لە دانیشتنێکی دۆستانەدا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانەی شاندی زانایانی کوردستان، باس لە گرنگی کردنەوەی خولی زانستی و بایەخ و پێگەی فەتواو کاریگەری بەسەر کۆمەڵگە و جیهانی ئیسلامی کراو لەو نێوەشدا رۆڵی ئەزهەر لە گەیاندنی پەیامی میانڕەوی و وەستیەت بەرز نرخێندرا.


بەرێز مامۆستا مەلا سەید عەدنان لە وتەیەکی بەناوی شاندی زانایان سوپاسی زانکۆی ئەزهەرو رێکخراوی جیهانی دەرچووانی ئەزهەرو خانەی فەتوا کردو تەئکیدی لە گرنگی پەیوەندی نێوان زانایانی میسڕو کوردستان کردەوەو ئەو پەیوەندی و هەماهەنگیەی بە دەسکەوت و شانازیەکی گرنگ وەسف کرد.


هەروەها ئەوەشی گوت: کە گەلی کورد بەرامبەر میسڕ هەست بە دوو هەقی برایانە دەکات، یەکەمیان وەکو موسڵمان و دووەمیان وەکو نەوەی سەلاحەدینی ئەیوبی کە دامەزرێنەری ئەزهەر بووە.


لە بەشێکی تری قسەکانی ئەوەشی راگەیاند: کە زانایانی کورد بە تەقدیرەوە لە رۆڵی خانەی فەتوای میسڕ دەروانن، بەتایبەت کە لە پرسە گرنگەکان رۆڵی گەورە لە جیهانی ئیسلامی دەبینن، هەروەها سوپاسی خانەی ناوبراوی کرد کە لە کاتی شەڕی داعش فەتوایان لەسەر مەزلومیەتی کوردو کوردانی ئێزیدی دەرکردو داعشیان بە گروپێکی توندڕەو و تیرۆرست ناساند.


ئەمەو لە دانیشتنەکەدا چەند پرس و بابەتێکی تری پەیوەست بەهەردوولا و هەڵوێستی زانایانی کورد قسەو باسی لێوە کراو، رۆڵی بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانیش لە قوڵکردنەوەی پەیوەندی نێوان کوردستان و ئەزهەر بە گرنگەوە باسی لێوە کرا.