سعودیە: سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری کۆنگرەی باڵای رابیتەی جیهانی ئیسلامی دەکات

ئەمرۆ سێشەممە 7ی1ی2020 بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان بە نوێنەرایەتی کوردستان و بۆ یەکەمین جار بەشداری لە کۆنگرەی چل و چوارەمینی ئەنجومەنی باڵای رابیتەی جیهانی ئیسلامی لە شاری مەککەی وڵاتی سعودیە کرد.


لەو کۆنگرەیە کە بە بەشداری نوێنەرو دامەزراوەی ئایینی زیاتر لە 82 وڵاتی ئیسلامی بەشدار بوون، بە مەبەستی گەنگەشەکردنی چەند پرسێکی هەستیاری گرنگی جیهانی ئیسلامی و یەکخستنەوەی پتری پەیوەندی وڵاتانی ئیسلامی و هەڵوەستەکردن لەسەر دوا پێشهات و پرسە گەرمەکان بەڕێوە چوو.


سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید بە جلوبەرگی کوردی و بە نوێنەرایەتی کوردستان، کە یەکەم جارە کورد بەشداری ئەو کۆنگرەیە دەکات، کە بە یەکێ لەو کۆنگرە گرنگ و مێژووییەی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی هەژمار دەکرێت و بڕیارو راسپاردەکانی بەلای وڵاتانی بەشدار بوو جێگەی بایەخ و گرنگی زۆرە.


لەو کۆنگرەیە شێخ عبدالعزیز ئال ئەلشیخ موفتی گشتی وڵاتی سعودیەو دکتۆر محمد عبدالکریم العیسی ئەمینداری گشتی رابیتەو زانای ناودار شێخ عبدالله بن بیه سەرۆکی مونتەدای بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵگە موسڵمانەکان و دکتۆر محمد موختار جومعە وەزیری ئەوقافی میسڕو دکتۆر ئەحمەد ئەلعەبادی ئەمینداری گشتی رابیتەی موحەممەدی زانایانی مەغریب و دکتۆر شەوقی عەلام موفتی وڵاتی میسڕو ژمارەیەکی بەچاو لە زانایانی جیهانی ئیسلامی بەشدار بوون.


هەر لەو کۆنگرە بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان وەک نوێنەری زانایانی کوردو کوردستان لە پەیامێکیدا کە ئاراستەی بەشداربووانی کۆنگرەکەی کرد، باسی لە رۆڵی کوردو زانایانی کوردستان لەخزمەتی ئیسلام و قوڵکردنەوەی پەیوەندی و بڵاوکردنەوەی ئاشتی و سەقامگیری نێوان گەلانی جیهان کردو تەئکیدی کردەوە، کە گەلی کوردو زانایانی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئاشتی و هەڵگری پەیامێکی میانڕەوانەی دوور لە هەر توندو تیژیەک بوونەو، لەسەر بنەمای زانستی شرۆڤەی بۆ ئیسلام کردووە، کە ئایینی بەها ئینسانی و ئیمانی و شارستانیەکان بووە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان وێرای دووپاتکردنەوە لە زمانی دیالۆک و برایەتی و هەماهەنگی نێوان دامەزراوە ئایینیەکانی جیهانی ئیسلامی بۆ زاڵبوون بەسەر گرفت و پێشهاتەکان و رێگری لە تەشەنەی بیری توندڕەوی و مەترسی تیرۆر لەسەر کیان و نەتەوەکان، هاوکات ئەوەشی راگەیاندووە، کە گەلی کورد وێڕای مەزلومیەتی خۆی پاڵپشتی تەواوی هەنگاوەکانی ئاشتی و چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوەژیان و هەستی مرۆڤدۆستی و پەیامی میانڕەوی ئیسلام دەکاتەوە.