باکوری کوردستان: شێخ عەبدولکەریم نورشێنەیی لەناو حوجرەکەیدا شەهید دەکرێت

رۆژی 19ی1ی2020 لە شاری بەدلیس زاناو کەسایەتی ئایینی و مودەریسی مەدرەسەی نورشێنە لەکاتی وانە وتنەوە بە فەقێکانی بەدەستڕێژی گوللـه شەهید کرا. 


شێخ عەبدولکەریم چەڤیک وێڕای ئەوەی زانای ئایینی بوو، لەهەمان کات یەکێکبوو لە شێخەکانی تەریقەتی نەقشبەندی، رۆڵێکی دیاری هەبوو لە خزمەتکردنی زانست و رێبازی دیندرای و کاری بانگەوازی ئیسلامی.


ئەو سەرپەشتیاری مەدرەسەی نورشێنەی دەکرد، کە مێژووێکی دووسەد ساڵەی هەیەو وەک ناوەندێکی زانستی دیاری شاری بەدلیس تەماشا دەکرێ و ئێستا پتر لە 200 فەقێ لەو مەدرەسەیە دەخوێنێت.


 دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە توویتێکدا نووسیویەتی "زۆر خەمبارین، مەرگی عالمێک مەرگی عالەمێکە. سەرمودەریسی قوتابخانەی شارۆچکەی گورۆیماک (نۆرشێن) مامۆستا عەبدولکەریم چەڤیک گەڕایەوە لای خوا. خوای گەورە رەحمی پێبکات".


هاوکات عەبدولحەمید گول، وەزیری دادی تورکیا لەبارەی کوژرانی مامۆستا ئایینییەکەوە رایگەیاند "عەبدولکەریم چەڤیک کە یەکێکبوو لە زانایانی شارۆچکەی نۆرشێن، تەواوی ژیانی خۆی بۆ فێرکردنی قوتابییەکانی و بڵاوکردنەوەی ئاشتەوایی تەرخانکردبوو. بەوپەڕی خەمەوە هەواڵم پێگەیشت کە لەئاکامی پەلامارێکی قێزەون گیانیلەدەستداوە. خوا مەزاری پڕ نوور و رۆحی شاد و پێگەی بەرز بکات".


عەبدولکەریم چەڤیک لەکاتی خواردنی نانی بەیانی لەگەڵ چەند قوتابییەکی خۆی، دەستڕێژی گوللەی لێکرا و بە سەختی برینداربوو، دوای ئەوەی گەیێندرایە نەخۆشخانە، سەرەڕای هەوڵەکانی پزیشک بۆ چارەسەرکردنی، بەڵام گیانیلەدەستدا.


بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە هۆکاری کوشتنی ئەو زانایە دەگەڕێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان دوو کەس لەئەنجام ئەوەی دۆڕاندویەتی بەرگەی دۆڕانەکەی نەگرتووەو دەستڕێژی گوللـه ی کردۆتە سەر مامۆستای ناوبراو.