شاندێکی باڵای هاوپەیمانی نیشتمانی سەردانی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 19ی2ی2020 بەرێز ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی و شاندێکی یاوەری سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانیان کردو، لەلایەن سەرۆک و ئەدامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی کران.


لەدانیشتنێکدا بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەخێرهێنان، سوپاسی بەسەرکردنەوەی شاندەکەی کردو تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی پەیوەست و دۆخی ئەمرۆی کوردستان و هەماهەنگی و رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و پێویستی یەکریزی نێو ماڵی کوردو کارکردنی هاوبەش بۆ خزمەتی نیشتمان و سەقامگیری کۆمەڵگە.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێز ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی سوپاسی پێشوازی و هەڵوێست و خزمەتەکانی یەکێتی زانایان کرد، کە پێگەی بەرچاویان لەخزمەت کردن دیارەو دەتوانن رۆڵی گەورە بگێڕن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بە چاوی رێزەوە لە خزمەت و پێگەی زانایان دەڕوانن و ئەگەر هەر سەرنجێکیش لەلایەن زانایانەوە ئاراستە بکرێ بەهەند وەری دەگرن.


دواتر هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێکی دیکەوە کردو جەختیان لەوە کردەوە لە هاوکارو هەماهەنگی پێویستیەکی ئەو قۆناغەی نێوان سەرجەم پێکهاتەو لایەن و رێکخراوەکانەو دەبێ هەمووان لە پێناو رەچاوکردنی مەسڵەحەتی کوردستان بایەخی پێ بدەن.